"مەسعود بارزانی نەك دەوڵەت بەهەشتیش دروستبكات، گۆڕان قبوڵی نیە"

ئاری هەرسین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی پێیوایە ئەگەر " مەسعود بارزانی نەک دەوڵەت، بەهەشت دروست بکات لەسەر ئەم خاکە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت ئێمە قبووڵمان نییە، رەئی گشتی لە سلێمانی وا لێدەکات دژی بێت".

ئاری هەرسین، سەرۆکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی دۆخەی سیاسییەی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەیە، رایگەیاند: "پەرلەمان وەکو ناوەندێکی قانونگوزاری رەسمی کە سەرچاوەی بڕیار بێت، وجودی نییە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە تۆ دەوڵەت نیت، لەبەر ئەوەی حیزب حکوم دەکات لەو وڵاتەدا".

ئاری هەرسین، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی پارتییە، دەڵێت: "پێموانییە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەموو کێشەکانی کوردستان چارەسەر ببێت، بەهیچ جۆرێک بڕوام پێ نییە، هۆکارەکەشی ئەوەیە بڕیارەکان لەناو پەرلەمان نین، بەڵکو لە دەرەوەی پەرلەمانە، لەگەڵ رێزم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی لە 1992وە تا ئێستا ئەندامی پەرلەمان بوونە".

سەبارەت بە لێدوانێکی خۆی  لەسەر کاتی سەربەخۆیی کوردستان، ئاری هەرسین، گوتی: "بە بۆچوونی من کاک مەسعود بۆیە نەیتوانی لە ساڵی 2016 ئیعلانی دەوڵەتی کوردی بکات، لەبەر ئەوەی ئەو یەکڕیزییەی کە پێویستە بۆ ئیعلانی دەوڵەت لە کوردستاندا نییە".
وتیشی: "من بە پێچەوانەی خەڵکی دیکەوە، نە پێموایە دەوڵەت بە ئابوورییەکی بەهێز دروست دەبێت، نە بەوە دروست دەبێت پەرلەمانێک کارا بێت، نە بەوە دروست دەبێت کە سوپایەکی دامەزراوەیی هەبێت، بەڵکو بنەمای دروستکردنی دەوڵەت یەکڕیزییە. ئەگەر تۆ ئەوەت نەبوو زەحمەت دەبێت".

بە بڕوای سەرۆکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگەو شەهیدان لە پەرلەمانی کوردستان، "ئەوەی ئێستا ئەم یەکڕیزییەی تێکداوە بە پلە یەک بزووتنەوەی گۆڕانە، بزووتنەوەی گۆڕانە کە دەڵێت ئێمە پێکەوە ناژین، زۆر بە ئاشکرا ئەوە بە پارتی دەڵێت، بەس پارتی خەبەری نابێتەوە".

ئاری هەرسین، ئەوەش دەڵێت: "ئەگەر جەنابی سەرۆک بە قسەی من بکات دەوڵەت لە دێگەڵەوە تا زاخۆ دادەمەزرێنێت، ئەمەش بەرپرسیاریێتی مێژوویی کاک مەسعودە دەوڵەتی کوردی رابگەیێنێت، با ئەوانیش حەزیان لێیە سەر بە بەغدا دەبن بەکوێ دەبن با ببن".



PM:03:55:18/12/2016