دوو هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان بەشداری کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی نەکرد

هەریەک لە عوسمانی حاجی مەحمود و قادر حاجی عەلی کە  دوو هەڵسوڕوای دیاری گۆڕانن بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی گۆڕانیان لەگەڵ پارتی نەکرد.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆبوونەوەی نێوان وەفدی پارتی و گۆڕان، دەرکەوت هەریەک لە قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود بەشداری ئەو کۆبوونەوەیان نەکرد کە ئەمڕۆ گۆڕان لە مەکۆی گشتی بزووتنەوەکە لەگەڵ پارتی ئەنجامی دا.

هەرچەندە لێدوانە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە عوسمانی حاجی مەحمود یەکێک دەبێت لە وەفدەکەی گۆڕان، بەڵام لە ساتەکانی پێش کۆبوونەوەکەدا ئاشکرابوو کە ناوبراو بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات، تا ئێستا هۆکار بەشداری نەکردنەکەی ئەو دوو هەڵسوڕاوەی گۆڕان نەزانراوە، هەندێک دەیگێڕنەوە بۆ هەڵوێستی ئەو دوو کەسە لەسەر شێوازی ئەنجامدانی کۆبوونەوە، هەندێک ناوەندی تر ئاماژە بۆ بوونی ناکۆکی دەکەن لەنێوان ئەو دەستەیەی ئێستا سەرکردایەتی گۆڕان دەکات.

دوای سەفەرکردنی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەرەوەی وڵات و رێگا نەدان بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تا بچێتەوە سەرکارەکەی لەهەولێر، ئەنجومەنێک کاروبارەکانی گۆڕان رادەپەڕێنێت، ئەو ئەنجومەنە لە کادیرە کۆنە پێشکەوتووەکانی یەکێتی و ژمارەیەک لە گەنجەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پێکهاتوون، خۆیان وەک " ئەنجومەنی جێبەجێکردن " دەناسێنن و لەدوا نامەی نەوشیروان مستەفاش بۆ بزووتنەوەکە سیفەتی ئەو ئەنجومەنە بە "راوێژکار" ناوزەد دەکات، ئەنجومەنەکەش هەریەک لە قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود و عومەری سەید عەلی و جەلال جەوهەر و چەند کادیرێکی کۆنی یەکێتی و گەنجی گۆڕان ئەندامن تیایداو ئەوان بڕیاریان لەسەر پێکهاتەی وەفدەکەی ئەمڕۆی گۆڕان دابوو. 

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەو دوولایەنە کە تائێستا هیچ لە بارەیەوە رانەگیەندراوە لە لایەن پارتی یەوە پێکهاتبوون لە ‌فازڵ میرانی‌، ئه‌حمه‌د كانی‌، كاكه‌مین نه‌جار، مه‌حمود محه‌مه‌د، دڵشاد شه‌هاب، عزه‌دین به‌رواری‌، شاندی‌ گۆڕان پێكهاتبوون له‌ عومه‌ر سه‌ید عه‌لی جه‌لال جه‌وهه‌ر جه‌مال حاجی محه‌مه‌د ئیسماعیل نامێق و محه‌مه‌د عه‌لی و ئاواتی شێخ جەناب.
 



PM:07:04:19/12/2016