تۆماركردنی ناو بۆ حەج و عومرە دەستپێدەكات

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە ناونوسینی هاووڵاتیان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەستپێدەكات و دەبێت هەر هاوڵاتییەك ٥٠ هەزار دینار بدات.

شێخ قاسم رەسوڵ بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: لە سبەینێوە ناونوسین بۆ فەریزەی حەجی ساڵی داهاتوو دەستپێدەكات و بۆ ئەو مەبەستەش ١٨ بنكەیان لە پارێزگاكانی هەرێم كردۆتەوە و هەر كەسێك ناوتۆمار بكات دەبێت  ٥٠ هەزار دینار بدات و لەبەرامبەردا وەسڵێك وەردەگرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بنكەكانی پارێزگای هەولێر یەكێكیان لە ناوەندی شاری هەولێرە لە مزگەوتی سەواف، هەروەها بنكەكانی تریش لە سۆران، شەقڵاوە و كۆیەن.

لە پارێزگای سلێمانیش دوو بنكە لە ناوەندی شارن لە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە و مزگەوتی عەبدوڵا لوتفی، هەروەها لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و چەمچەماڵیش بنكەی ناونوسین هەن، هاوڵاتیانی قەزای شارەزووریش هەر لە سلێمانی ناو تۆماردەكەن.

هاوكات حەوت بنكە لە دهۆك هەن كە یەكێكیان لە ناوەندی شارە و ئەوانی تریش لە زاخۆ، سێمێڵ، ئامێدی، ئاكرێ، بەردەڕەش، شێخانن.
هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجەش لە بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف ناو تۆماردەكرێت.



PM:04:40:20/12/2016