وادەی دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیەندرا

جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ڕایگەیاند لەناوەراستی ھەفتەی داھاتودا دەست بەدابەشکردنی موچەی مامۆستایان دەکرێت و ڕەنگە موچەی مامۆستایانی گرێبەست دوابکەوێت

مامۆستا عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان بە ماڵپەڕی SNNی ڕاگەیاند، "بەگوێرەی ئەو بەڵێنانەی پێماندراوە، بڕیارە دوای وەزارەتی پێشمەرگە، موچەی مامۆستایان دابەشبکرێت، تەناتەت پێش وەزارەتی دارایی، موچەی وەزارەتی پەروەردە خەرجبکرێت".

ڕاشیگەیاندووە"دەبوایە ڕۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممەی ئەم ھەفتەیە موچەی مامۆستایان دابەشبکرایە، بەڵام پێشبینیدەکرێت لەناوەراستی ھەفتەی داھاتودا دەست بەدابەشکردنی موچەی مامۆستایان بکرێت".

سەبارەت بەموچەی مامۆستایانی گرێبەستیش ناوبراو وتوویەتی "پێدەچێت دابەشکردنی موچەی مامۆستایانی گرێبەست دوابکەوێت، بەوپێیەی مانگانە لەگەڵ موچەی مامۆستایانی دامەزراودا خەرجناکرێت، بەڵکو بەلیستێکی جیاواز موچەی ئەو مامۆستایانە خەرجدەکرێت".



AM:11:49:21/12/2016