ئاشتی هەوامی رەتیناکاتەوە پێشنیاری فرۆشتنی کێڵگەی نەوتی هەرێمی بۆ تورکیا کردبێت

وەزیری سامانە سروشتیەکان، ئاشتی هەورامی رەتیناکاتەوە کە پێشنیاری فرۆشتنی کێڵگەی نەوتی هەرێمیان بۆ تورکیا کردبێت و، دەڵێت "بە ئاگاداری سەرۆکی حکومەت کراوە".

لە روونکردنەوەیەکدا کە لە ماڵپەڕی رووداو شەوی رابردوو بلآوکرایەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وەلآمی راپۆرتەکەی ویکلیس دەداتەوە کە ئاشتی هەورامی پێشنیاری فرۆشتنی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی بۆ تورکیا کردبێت، لە روونکردنەوەکەدا ئەو وەزیرە ئەو زانیاریانە رەتناکاتەوەو دەڵێت" بە ئاگاداری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە".

لە روو نکردنەوەکەدا هاتووە" داوای یارمەتی زیاترمان لەلایەنی تورکی کردووە و هەندێ بژاردەمان پێشنیازکردووە، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزەکانی چارەسەربکات". گوتیشی: "هێشتاش هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە".

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیێنێت "جێگەی داخە ئەو ئیمەیلانە کە هەڵگری زانیاری هەستیاری بازرگانین لە ماڵپەری ویکیلیکس بڵاوبوونەتەوە، هەرچەندە ئەو ئیمەیلانە دەریدەخەن کە چۆن وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەم کاتانەدا کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی ئابووری تێدەپەڕێت". 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژە بە رێککەوتنی ستراتیژی وزە لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت: "هەرچۆن لەبەردەم رای خەڵکی روون و ئاشكرایە هەرێمی کوردستان و تورکیا سەبارەت بە وزە رێککەوتنی ستراتیژییان هەیە، پەیوەندی نێوان وەزیری سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوتا تورکەکە بەشێکە لەو رێککەوتنە". 

لەسەر ئیمەیڵەکانی ویکلیکس، وەزارەتەکەی ئاشتی هەورامی دەڵێت "لە ئیمەیلەکەیدا، وەزیری سامانە سرووشتییەکان داوای یارمەتی زیاتری لەلایەنی تورکی کردووە و هەندێ بژاردەی پێشنیازکردووە، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزەکانی چارەسەربکات و سەرمایە بۆ کۆمپانیا تورکییەکان دەستبخات بۆ ئەوەی پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان تەواو بکەن و بارودۆخێکی براوە-براوە برەخسێنێت بۆ هاوکارییە دوولایەنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە بواری وزەدا، وەک چۆن پێشتر لەسەری رێککەوتوون". 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رەتیدەکاتەوە کە هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەو پرسە کرابێت و رایدەگەیێنێت: "ئەوەش بەشێک بووە لە رێککەوتنی 2013 ی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا کە بە ئاگاداریی تەواو و راسپاردەی راستەوخۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. هێشتاش هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە".



AM:08:52:28/12/2016