زانکۆی سلێمانی هەڕەشەی هەڵپساردنی دەوام لە چەندین بەش دەکات

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی داوا لەو مامۆستایانە دەکات کە تا ئێستا دەوامیان نەکردووە لە سەری ساڵی تازەوە دەوام بکەن، ئەو بەشانەی نەیکەن سەرۆکایەتی زانکۆ خوێندن لەو بەشانەدا هەڵدەپسێرێت. 

دەقی پەیامەکە:

پەیامی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی نوێی زاینی

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن لەمامۆستیان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەکات و داوا لەسەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانیش دەکات کە لەساڵی نوێ وە پابەندی دەوام بن.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە وەکالەت بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێی زاینی یەوە

پیرۆزبایی لەسەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەکات و ھیوادارە ساڵی نوێ ساڵی ئاشتی و پێکەوە ژیان بێت و سەرجەم کێشەو نەھامەتیەکان لەساڵی نوێ وە کۆتایی بێت و ٢٠١٧ ساڵی بەرەو پێشچوونی ئاستی زانست و زانیاری بێت لەزانکۆی سلێمانی وە  لەساڵی ئایندەشدا سەرجەم داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی  وتیشی پاڵپشتی ھەموو داواو مافەڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانین و سوریشین لەسەر جێبەجێکردنیان، داواش لەسەرجەم ئەو مامۆستا و خوێندکارانە دەکات کە تائێستا نەگەڕاونەتەوە ھۆڵەکانی خوێندن ،لەسەرەتای ساڵی تازەوە بچنەوە ھۆڵەکانی خوێندن و دەست بکەنەوە بەدەوام لەسەرجەم ئەو بەشە زانستییانەی کە تا ئێستا خوێندن تێیدا دەستی پێنەکردووە.

ووتیشی بەپێچەوانەوە ناچار دەبین خوێندن  لەوبەشانەدا ھەڵپەسێرن لەبەرئەوەی ھیچ مەجالێکی قەرەبوو کردنەوی خوێندن نامێنێت لەدوای ئەو بەروارەوە، وە داوا لەڕاگرو سەرۆک بەشەکان دەکەین کە ئاگاداری سەرجەم مامۆستایان و خوێندکاران بکەن بە مەبەستی پابەندبوونیان بە دەوامی ئاسایی خۆیانەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لەم دەڤەرە بەسەرکەوتوی بەڕێوە بچێت .

جێی ئاماژەیە کە لەسەرتای مانگی ١١ ی ئەم ساڵەوە خوێندن لە زۆربەی سکوڵ و کۆلێجەکانی زانکۆی سلێمانی دەستیپێکردووە، ھەرچەندە تائێستا حکومەتی ھەرێم داواکارییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی جێبەجێنەکردوە.



PM:08:53:28/12/2016