لە سلێمانی ١١٢ کەس سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە

بە پێی ئاماری بەڕێوبەری چاکسازی گەورانی سلێمانی لە ماوەی ئەمساڵدا  ١١٢ کەس سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

ئەمڕۆ شێرکۆ عارف، بەڕێوبەری چاکسازی گەورانی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبینای بەڕێوبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانی ئاماری ساڵی ٢٠١٦ی  بەڕێوبەرایەتییەکەی ئاشکراکرد.

شێرکۆ عارف، بەڕێوبەری چاکسازی گەورانی سلێمانی، وتی: هەزار و ١٥٥ سزادراو هاتوونەتە چاکسازی گەورانی سلێمانی، کە ٤٦٥ کەسیان سزای سوک بووە و سزاکەیان کەمتر لە پێنج ساڵ بووە، ٦٩٠ سزای قورسیش هەبووە، کە ٨٠ کەس بەڕەگەز عەرەبن و ٤٦ سزادراویش کوری ڕۆژهەڵات یان فارس بوون.

شێرکۆ عارف، وتیشی: لەوژمارەیە ١١٢ سزای لە سێدارەدان هەبووە، کە زۆربەیان کوردن و بەڕێژەیەکی کەمیش عەرەب  و فارس هەبوون.

ناوبراو، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ٩٩٧ سزادراو ئازادبوون و ٢٩٢ سزادراو مۆڵەتیان وەرگرتووە و هەزار و  ٩١ سزادراو ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون بە مەبەستی چارەسەر و ٤٠٨ کەسیش ڕەوانەی دادگا کراون.

بەڕێوبەری چاکسازی گەورانی سلێمانی، ڕاشیگەیاند:" هەر لە ئەمساڵدا ٦٠ زیندانیکراو گیانیان لەدەستداوە بە هۆکاری جۆراوجۆر و یەک زیندانیکراویش لە زیندان خۆی کوشتووە".

ناوبراو، ئاماژەی بەوەشدا:" ١١ کەس دەستگیرکراون، کە هەوڵیانداوە مادەی هۆشبەر بهێننە زیندان و ئێستا ئەوانیش کەیسەکانیان لە دادگان".

هەروەها، وتی: ٣٣٥ کەس بە ماددەی کوشتن سزادراون و ٧٨ کەسیش بەهۆی مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەر و ٢١٨ بەهۆی بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر و ١٢٥ کەسیش بە مادی تیرۆر دەستگیرکراون.

شێرکۆ عارف، ڕاشیگەیاند: ئامارەکانی ئەمساڵ کەمترە لەچاو ساڵی پاردا کە ئاماری ئەمساڵ هەزار ١٥٥ کەس سزادراون لە ساڵی ٢٠١٥دا هەزار و ٣١٨ سزادراو هەبوون.

باسی لەوەشکرد: ئاڵوگۆڕی سزادراوان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەبووە لە ساڵی ٢٠١٦دا ٩٧ سزادراوی ئێرانی نێردراونەتەوە بۆ ئێران و پێنج سزادراوی هەرێمی کوردستانیش لە ئێرانەوە گەڕێنراونەتەوە و بۆ هەرێم، بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە سزادراوانی سیاسی ناگرێتەوە.

روونیشیکردەوە: بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان تەنها کەسوکاری ئەو پێنج سزادراوە ئێمەیان ئاگادارکردۆتەوە، بۆیە ئەو جیاوازییە هەیە لە ئاڵوگۆڕەکەدا.

 بەڕێوبەری گشتی چاکسازی گەورانی سلێمانی، ڕاشیگەیاند: لێبوردنی گشتی نەبووە بە هۆی ئەوەی کە پەرلەمان پەکخراوە، بەڵام دوو حاڵەتی لێبوردنی تایبەت، هەبووە.



PM:02:27:29/12/2016