سروە عەبدولواحید: بەهۆی هەڵەی پارتییەوە شەڕی براکوژی هەڵدەگیرسێت

سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق هۆشداریدا لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵە مێژووییەکانی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە و ببێتەهۆی نانەوەی کارەساتێک لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی، بەشێوەیەک کە شەڕی براکوژی و ناوخۆ لە کوردستان ڕووبدات.

سروە عەبدواحید لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لێدوانەکانی بینالی یڵدرمم لە هەولێر بەلاوە سەیر نییە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بە تیرۆریست ناوزەد کرد، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەوەی خۆی بە نیشتمانپەروەر ناوزەد دەکات و بەردەوام بانگەشەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەکات، ناتوانێت بەرگری لە ناوی کورد و کوردستان بکات لەبەرامبەر ئەوانەی جەنگی دژی کورد دەکەن.

سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشدا مایەی سەرسوڕمانە کە پارتی دیموکراتی کوردستان دروشمی تورکیا بۆ جەنگی دژی کورد هەڵگرێت و سەرۆکی حزبەکەی بەهۆی بەرژەوەندییەکانی کەرتی نەوتەوە پشتیوانی لە جەنگی دژی پەکەکە بکات.
سروە عەبدواحید هۆشداریدا لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵە مێژووییەکانی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە لە جەنگی ناوخۆی کورد و ئاماژەی بەوەدا هەر هەنگاوێک لەو ڕووەوە دەبێتەهۆی ئەوەی کارەساتێک بۆ هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق بەشێوەیەکی گشتی بخوڵقێنێت.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان داوای لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە نەبنە هۆکارێک بەدەستی دوژمنەکانی کوردەوە، کە لە کوردستانی باکوور ئاسایش و ئازادی کوردیان لەناوبردووە، و پێویستە هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە لەپێناو چارەسەری پرسە نیشتمانییەکانمان.
سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو تیرۆرەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی پێدا، ئەو تیرۆرەیە کە خۆیان دژ بە هەموو ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزاییەتییەک دژ بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی خۆیان بەکاریدەهێنن.  هەروەها وتیشی باشتروابوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەشوێنی ئەوەی دەروازە بۆ کارەسات و جەنگێکی تر بکەنەوە لەم وڵاتەدا، داوا لە یڵدرم بکەن هەموو بنکە سەربازی و هەواڵگرییەکانیان لە هەرێمی کوردستان دابخەن کە لەسەردەمی جەنگی ناوخۆ و براکوژییەوە بوونیان هەیە.

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ڕاشیگەیاند لەکاتێکدا عێراق خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا باش بێت، پێویست دەکات وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرن، و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا نەکەن. هەروەها هیوای خواست سیاسەتمەدارانی ناوخۆ نەبنە هۆکارێک بۆ تێکشکاندنی گەشەسەندنەکانی داهاتوو.



PM:03:19:09/01/2017