عەبادی: شەڕی داعش 35 ملیار دۆلار زیانی بەعێراق گەیاندوە

سەرۆك وەزیرانی عێراق زیانەكانی شەڕی داعش لەسەر عێراق ئاشكرا دەكات‌و دەڵێت ئەو شەڕە 35 ملیار دۆلار زیانی بە ژێرخانی ئابوریی عێراق گەیاندوە.

ئەمڕۆ14/1/2017، لەشاری بەغدا كۆنگرەی دیالۆگی بەغدا لەژێر ناونیشانی (بژاردەكانی دوای سەركەوتن) ، بەئامادەبونی بەرپرسانی باڵای عیراق و هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی وڵاتانی دراوسێی عیراق دەستیپێكرد.

لە وتارێكدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: ئێمە تەنها بەیەكڕیزی دەتوانین عیراق بپارێزین، ئێستا هەموو عیراقییەكان لەناو شاری موسڵ شەڕدەكەن بەهەموو پارێزگاكانییەوە، سوپاو پێشمەرگەو حەشدی شەعبی بەشدارن لە خواردنیشدا پێكەوە، جیاوازی نییە لەنێوان پارێزگاكاندا هەموو وەك یەك بەشدارن، ئەمە سەركەوتن بەدەستدەهێنن و یەكپارچەیی عیراق بەسەر هەموو كۆسپەكاندا سەرماندەخات، عیراق نەبۆتە هەڕەشە بۆسەر هیچ وڵاتێكی دراوسێمان دەستوور قەدەغەی كردووە لێمان وەك چۆن لەوانیشی قەدەغە كردووە، بۆیە پێویستە ئێمە هەمومان پابەندبین بە دەستورەوە.


لە وتارەكەیدا سەرۆك وەزیرانی عیراق حەوت خاڵی وەك پێشنیار بۆ چارەسەركردنی دوای شەڕی داعش خستەڕوو، پێكەوەژیان یەكێك بوو لە خاڵەكان، ئێمە پێكەوەژیانمان دەوێت قبوڵی ناكەین داعش بكەوێتە نێوانمانەوە و نابێت بگەڕێنەوە بۆ وتارە ئیفلیجەكان و خۆبپارێزین لێی دەبێت وتارەكانمان نیشتمانی بن ئەمە بابەتێكی هەستیارە.

عەبادی وتیشی: سەركەوتن نزیكەو هێزەكان بەشی چەپی شارەكەیان كۆنترۆڵكردوە و داعش چەكی شەڕی تائیفی بەكاردەهێنێت نەك لە عیراق، بەڵكو لەهەموو ئە وڵاتانەی تیایدان، ئایینێك لەدژی ئایینێكی ترو عەشیرەتێك لەژدی عەشیرەتێكی تر بەكاردەهێنێت، چونكە داعش و گروپەكان ئەمانە بە بۆشاییەك دەزانن و خۆیانی تێدەخزێنن نابێت لەمەودوا رێگە بەمە بدەین، كێشەی تیرۆر تەنها سیاسی نییە بەڵكو ئایدۆلۆژییە.



PM:02:23:14/01/2017