سەرۆکی ئەنجومەنی ئێزیدیان: ئەمساڵ ساڵی خۆبەڕێوەبەری شەنگال دەبێت

سەرۆکی ئەنجومەنی ئێزیدیانی شەنگال رایگەیاند" ساڵی ٢٠١٧ ساڵی سەربەخۆبوونی شەنگال و کردنیەتی بە هەرێمێکی سەربەخۆ".

خدر ساڵح سەرۆکی ئەنجومەنی ئێزیدیانی شەنگال، بە SNNی ڕاگەیاند: ئامادەکارییەکانمان دەستپێکردووە بۆ راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری سەربەخۆ لە قەزای شنگال.

ناوبراو ئەوەشی وتووە" لەڕێگەی یاداشت و وەفدی ڕەسمییەوە، ئەمریکاو ڕوسیاو پەرلەمانی ئەوروپا ئاگادارکراونەتەوە، کە فشار بخەنەسەر عیراق بۆ داننان بە خۆبەڕێوەبەریی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری".

سەرۆکی ئەنجومەنی ئێزیدیانی شەنگال ئاشکراشیکرد، ھەریەک لە یەکێتی ئەوروپا و ئیدارەی ئەمریکاو ڕوسیا بەشێوەیەکی زارەکی ڕەزامەندییان لەسەر داننان بە خۆبەڕێوەبەری شنگال دەربڕیوە.

سەبارەت بەسنوری جوگرافی شنگال و ئەو خۆبەڕێوەبەریەی ئاشکرایانکردووە، خدر ساڵح ڕوونیکردەوە: خۆبەڕێوەبەریەکە بەو جۆرەیە کە بکرێتە ھەرێمێکی سەربەخۆو ھەریەک لەقەزاکانی تەلەعفەرو شێخان و شنگال لەخۆدەگرێت".

بەوتەی سەرۆکی ئەنجومەنی ئێزیدییانی شنگال، یاسای ١٢٥ی دەستوری عیراقی ڕێگەیداوە بەھەموو پێکھاتەو نەتەوەکان ھەرێمی سەربەخۆی خۆیان ڕابگەیەنن و دەشڵێت:" ئەمساڵ ساڵی خۆبەڕێوەبەری شنگال دەبێت".

راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی شنگال لەلایەن ئێزدییەکانەوە، لەکاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەوڵەکانی خستۆتەگەڕ بۆئەوەی بگەڕێتەوە قەزاکەو لەو چوارچێوەیەشدا داوای دەرکردنی ئەو ھێزانە دەکات کە لە٣ی ئابی ٢٠١٤ بەرگریان لەئێزیدییەکان کردو دواتر ناوچەکەیان لە تیرۆریستانی داعش پاککردەوە.



AM:10:04:16/01/2017