نەوشیروان مستەفا چی بە یەکێتی راگەیاندووە؟

پەرلەمانتارێکی گۆڕان وەڵامی قسەکانی لاهوری شێخ جەنگی دەداتەوەو پەیامێکی نهێنی نەوشیروان مستەفای ئەو دەمە ئاشکرا دەکات کە بۆ بەرپرسانی یەکێتی ناردووەو رۆڵی " خراپی " مەلا بەختیاریش لە نزیکبوونەوەی ئەو دوولایەنە ئاشکرا دەکات.

هۆشیار عەبدوڵا وەڵامی قسەکانی لاهوری شێخ جەنگی دەداتەوەو دەڵێت پێش پێکهێنانی ئەم کابینەیە" دوای ئەنجامە فەرمیەكان كاك نەوشیروان لەسەر چەندین ئاست و بە چەندین كەسدا لەوانە د.بەرهەم، كاك كۆسرەت، د.نەجمەدین كەریم وەڵامی نارد بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەم ناوەرۆكە كە ( بەڕێزان سەركەوتنی ئێمە سەركەوتنی ئێوەیە ، كورسیەكانی ئێمە بە هی خۆتان بزانن و هەژدە زائید بیست و چوار ئەكاتە چل و دوو ، فەرمون با لێكیان بدەین و ئێمە داوای ئەوە بكەین كە مافی تەشكیلی حكومەتمان هەبێت ، كاك نەوشیروان ئەوەشی وتبوو ، كە ئەو هەنگاوەمان دژی هیچ حزبێك بە دیاریكراوی پارتی نیە هێندەی ئیئتلافێكە بۆ دروستكردنی كوتلەی گەورە و ئەوەشی پێ وتبون كاتێك ئێمە ڕاسپێردراین بۆ تەشكیلی حكومەت باسەرۆكی حكومەت لە ئێوە بێت تا هەست نەكەن ئێوە لە هەڵبژاردن شكاون)."

بەرپرسی دەزگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری حکومەتی هەرێم، لاهوری شێخ جەنگی باسی لەوە کردبوو کە گۆڕان لە دژی یەكێتی ڕۆیشتوە ئیتیفاقی لەگەڵ پارتی كردوە، هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەناونیشانی "وەڵامێكی سەرپێیی و خێرا بۆ وتەكانی كاك لاهوری شێخ جەنگی" دەڵێت " هەر ئەو نا چەند جاری تر گوێم لەو ئیتیهامەی هەندێ كادیری تری بەڕێزی یەكێتی بوە بە پێویستم زانی ئەو ڕونكردنەوەیە وەك وەڵام بۆ كاك لاهور و هەموو ئەوانەی تر ڕابگەیەنم ".

هۆشیار عەبدوڵا دەشڵێت" گۆڕان لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ساڵی ۲۰۱۳ و دەركەوتنی ئەوەی یەكێتی دەنگی كەمی هێناوە ، كاك نەوشیروان بە پەلە و لە لێدوانێكی تەلەڤزێۆنی خێرادا هەر زوو وتی هیچكەس شكستی نەهێناوە و هەموان سەركەوتوو بوین" .

 ناوبراو کە ئەو دەمە بەڕێوەبەری کەناڵی KNN ی گۆڕان بوو دەڵێت" ئەوكات لە نزیكەوە ئاگاداری مبادەرەكەی كاك نەوشیروان بو بێ پرسی خۆی وتارێكی نوسی بەناوی ۱٨+۲٤ بۆئەوەی فشارێك لە ئاستی قاعیدەی هەردولا دروست ببێت بەو ئاراستەیە، بە تایبەت كە چەند كابینەیەك حكومەت لای پارتی بوو مافی گۆڕان و یەكێتی بوو وەك ئیستیحقاقی ئینتیخابی كابینەی نوێ تەشكیل بكەن" .

ئەندام پەرلەمانەکەی گۆڕان ئاشکرا دەکات "ئەو بەڕێزانەی ناوم بردن  ( کۆسرەت، بەرهەم، د. نەجمەدین ) كاتێك قسەكانی كاك نەوشیروانیان گەیاندبوو بە مەكتەبی سیاسی یەكێتی ، ڕاستەوخۆ و بە پەلە كاك مەلا بەختیار چاوپێكەوتنێكی ساز كرد لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت و وتی نەوشیروان مستەفا داوای لێمان كردوه موئامەرە لە پارتی بكەین ، بەڵام ئێمە هەر لەسەر ڕێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی بەردەوام ئەبین و ئێمە حكومەت تشكیل دەكەین ، كاتێك ئێمە ئەو كات لە كەی ئێن ئێن ، هاتینە قسە لەو چاوپێكەوتنەی كاك بەختیار ، ڕونكردنەوەیدا و چاوپێكەوتنەكەی ڕەتكردەوە بەڵام ڕۆژنامەكەش و پەیامنێرەكەی شەرقولئەوسەت ڕونكردنەوەیاندا و كات و شوینی چاوپێكەوتنەكەشیان باسكرد كە بەڵێ قسەكان هی كاك بەختیارن، جا حەقە كاك لاهور و هەموو بەڕێزێكی تر وەك خۆی شتەكان باس بكەن".

هۆشیار عەبدوڵا لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت" من ئەو كاتەش دژی ئیتیفاقی گۆڕان و پارتی بوم و وتاری دیشلەمەخواردنەوەكەم لە دژی ئەو ڕێكەوتنە نوسیوە و پێم وابوو هەڵەیە ، بەڵام ئەگەر ئەو هەنگاوە سیاسیەی گۆڕان هەڵەش بێت، بەرپرسیارێتیەكەی زیاتر لە ئەستۆی یەكێتی و ئێوەیە كە لە لایەك بەدەم مبادەرەكەی كاك نەشیروانەوە نەهاتن ، لە لایەكی ترەوە تەهدیدی گۆڕانتان دەكرد كە ناتوانێ بەو دەنگە زۆرەوەشەوە بەشداری حكومەت بكات و وتە بەناوبانگە ماتماتیەكیە لێوان لێو لە دیموكراسیەكەی ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیمان بیر ماوە كە دەیگوت هەژدە زیاترە لە بیست و چوار" .



AM:11:32:17/01/2017