"گۆڕان ئامادە نییە پێشوازی لە وەفدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بکات"

ساڵی پار پارتی ئامادەنەبوو گفتوگۆ لەگەڵ وەفدی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بکات، بەڵام ئێستا بنەمای گەمەکە پێچەوانە بۆتەوەو، گۆڕان ئامادە نییە پێشوازی لە وەفدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بکات.

عەدنان عوسمان ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆڕان لەپەیجی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاندوە " پێكهێنانی وەفدی هاوبەش لەنێوان یەكێتی و پارتی، ئاماژەیە كە ئەو جەمعەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە خەون بە ماڵە گەرمەكەی پارتییەوە دەبینن، بە تەواوەتی پشتیان لە رێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی كردوە".

لە درێژەی پۆستەکەیدا  دەڵێت" ئەو جەمعە ساڵانێكی زۆرە شەریكی راستەقینەی پارتین لەهەموو سیاسەتەكانیدا، ئێستاش گەر پلانی هاوبەشیان هەیە با بفەرمون جێبەجێی بكەن، پێویست بەسەردانی هیچ لایەك ناكات، ئەو گروپە دەیانەوێت لەڕوی ستراتیجییەوە پابەندی پارتی بن و لەڕووی تەكتیكییەوە گۆڕان سەرقاڵ بكەن". 

عەدنان عوسمان وتوشیەتی: گۆڕان پێویستی بە پێشوازیكردن لەو وەفدە نییەو هەر بۆ وەبیرهێنانەوە پارتی ساڵی رابردوو ئامادە نەبوو پێشوازی لە وەفدی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی بكات.



AM:09:22:20/01/2017