لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆدەبنەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە دوای هاتنەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، گفتوگۆ و دانیشتن لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دروست دەبێت و بڕیارە شاندێک بچێتە بەغدا.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە میدیاكانی نزیك لەحیزبەكەی ڕاگەیاند: "دۆخێکی سیاسیی لەبار لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی بۆ هەرێمی کوردستان هاتووەتە پێشەوە، گرنگە سەرجەم لایەنەکان پێکەوە دابنیشن و بڕیار بدەن، چونکە ئەوە دەسەڵاتی بەغدایە کە دەبینین نووری مالیکی چ پیلانێکی لەدژمان هەیە، لەم لاشەوە هەڕەشەی هەندێک لایەن لەسەر دۆخی کوردستان هەیە، بۆیە دەبێت بە هەموومانەوە ئەم دۆخە تێپەڕێنین کە ئێستا پارتی خەریکە گفتوگۆی جددی لەنێوان لایەنەکان لەمبارەوە دەکات”.

سەبارەت بەدیاریکردنی کاتی چوونی شاندی ھاوبەشی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی سەربەخۆیی، عەلی عەونی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کاتی چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دیاری نەکراوە، بەڵام چاوەڕوانین دوای گەڕانەوەی بارزانی لە داڤۆس، گفتوگۆ و دانیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دروست ببێت". ئەوەشی بە دوور نەزانی کە ڕەنگە دوای گەڕانەوەی بارزانی، لە ماوەیەکی نزیکدا شاندەکەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن.



PM:04:55:23/01/2017