سەلاحەدین بەهادین و مەسرور بارزانی داوای یەک هەڵوێستی دەکەن بەرامبەر بەغدا

لەکۆبوونەوەیەکی ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی و مەسرور بارزانی، هەردوو لایەن داوای یەک هەڵوێستی بەرامبەر بەغدا دەکەن.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی بە یاوەری کاکەمین نەجار ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەحمەد کانی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی ، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و لە گەل سەڵاحەددین بەهائەددین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوە.


 لەو دیدارەدا دوا ڕەوشی هەرێم و ناوچەکە و ئەگەرەکانی دوای شەری تیرۆریستانی داعش تاوتوێ کرا ، هەروەها پرسی سەربەخۆیی کوردستان وەک ویستی هاوبەشی گشت لایەنەکان و فاکتەری یەکڕیزیی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و نەخشەرێگای ئەم پرسە لە لایەن مەسرور بارزانییەوە خرایە ڕوو و گفتوگۆی لە سەر کرا.

 پەیوەست بەم بابەتەوە جەخت لە سەر گرنگیی هاوهەڵویستی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەریمی کوردستان کرایەوە، تاکو هەرێم بە یەکڕیزی و هێزی زیاترەوە ڕووبەرووی هەر ئەگەر و پێشهاتێک ببێتەوە.


لەم میانەدا ئاماژە بە دوا بانگەشەی بارزانی بۆ چارەسەری پرسە سیاسییە ناوخۆییەکان کرا و جەخت لە سەر گرتنەبەری گیانی لە خۆبوردەیی و هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی کرایەوە لە پێناو لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک، کە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی کوردستان تیایدا لە سەرووی هەموو پرسێک بێت.


هەر لەم دیدارەدا هەر دوولا کۆک بوون لە سەر ئەوەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بە یەکهەڵوێستی و بە شاندی هاوبەش بەشداریی لە گفتوگانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەن، تاکو بە دیالۆگ و شێوازێکی ئاشتیانە چارەنووسی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلا بکرێتەوە.



PM:06:02:25/01/2017