حکومەتی هەرێم بڕیارێکی بۆ تاکسییەکانی هەرێم دەرکرد

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم ڕایگەیاند کە دەبێت هەموو تاکسییەک ئاڕم و لۆگۆی هەبێت تەندەرێکیش بۆ ئەو پرۆژەیە ئامادەدەکەن.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکردووە " پرۆژەی ئاڕم و لۆگۆو كارتی ئۆتۆمبێلی کرێ كە ماوەیەكی زۆرە كاری لەسەر دەكەین بۆ پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك دەخەینەڕوو ، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە تابلۆی ئۆتۆمبێلی بۆ دیاری نەكراوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بۆیە ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگای هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین هەڵگری هەمان لۆگۆ و ئاڕمی پارێزگای سلێمانی دەبن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەگەڵ بەڕێوبەرانی گشتی گواستنەوەی هەرێم گفتوگۆو ڕێگاكان خرایەڕوو، لە ئێستادا تەندەرین بۆ پرۆژەكە ئامادەكراوە و نوێنەرەكانیش بۆ جێبەجێكردنی لێژنەی تەندەرەكە دیاریكراون و تەنها ئەوە ماوەتەوە دەستبەكاربونی تەندەرەكان ڕابگەیەندرێت".

مەولود باوەمورد وەزیری گواستنەوە لەو ڕاگەیەندراوەدا وتوویەتی "بە بڕیارێكی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیارمان داوە كە بەڕێوبەرایەتی گشتی گواستنەوە خۆی تەندەرەكە جێ بەجێ بكات و بیخاتەڕوو، پلانی ئامادەکاری رێکخستنی کارکردنی تاکسی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ کارکردنی تاکسیەکانی ناوخۆی شارەکان و هێڵەکانی دەرەوەو دیاریکردنی سیستەمی لۆگۆو کۆد دەبێت لەپێناو ئەوەی چیتر بە هەڕەمەکیانە کارنەکرێت و کاری هاووڵاتیان خێراتر بڕوات بەڕێوە".



PM:09:13:25/01/2017