منداڵی باخچەیەكی ساوایانی شارۆچكەی پیرەمەگرون، ژەهراویی بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی ناحیەكەو سلێمانی، لیژنەیەكیش بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی پیرەمەگرون، بە کەی ئێن ئێن ڕاگەیاندووە " پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، 25 منداڵ لەلایەن كەسوكاریانەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكەیان و 15 منداڵی تریش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكانی سلێمانی كە سەرجەمیان ژەهراویی بوون".
ئەو بەڕێوەبەرە ئاشکرای کردووە، سەرجەم منداڵەكان، لە باخچەی ساوایانی (سانا)بوون لە پیرەمەگرون و بە پێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، پێدەچێت بەهۆی خواردن یان ئاوی پیسەوە ژەهراویی بووبن.
لای خۆشییەوە، بەڕێوەبەری باخچەكە ڕاگەیاند: ئەوان بەپێی ڕێنماییەكانی تەندروستی، وەك هەموو ڕۆژێك خواردنیان داوە بە منداڵەكان.
بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی پیرەمەگرونیش، ڕایگەیاند: بە بڕیاری تەندروستیی سلێمانی، ئێستا باخچەكە، داخراوە و لیژنەیەكیش بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێنراوەو ئاشكراشی كرد: تەندروستیی سەرجەم منداڵەكان، جێگیرە و زۆربەیان ڕەوانەی ماڵەوە كراون.