سپی نهێنی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی‌و سەلاحەدین بەهادین بڵاودەکاتەوە

رۆژی ١/٢٥ لەهەولێر، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی سەلاحەدین بەهادین و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم مەسرور بارزانی کۆبوونەوە، هەردوولا لەسەر دوو پرس گفتوگۆیان کردووە، سپی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بڵاودەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند سەردانی مەسرور بارزانی و وەفدێکی یاوەری بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەلاحەدین بەهادین و بەرپرسانی یەکگرتوو بەدوو ئامانج بووە، یەکێکیان پرسی "تیرۆرکردنی" د، هۆشیار ئیسماعیل بووە، پرسی دووەمیشیان پرسی سیاسی و پەیامەکەی بارزانی ٢٠ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ بووە.

سەبارەت بەرپرسی تیرۆرکردنی " د. هۆشیار ئیسماعیل" سەرچاوەکەی سپی وتی" لەو کۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی و وەفدەکەی پارتی ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کوشتنی د. هۆشیار ئیسماعیل لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووەو پەیوەندی بەهیچ پرسێکی سیاسیەوە نییە".
بەپێی زانیارییەکانی سپی لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی یەکگرتوو بڕوایان بەو زانیاریانەی پارتی نەبووە لەسەر رووداوی کوشتنی د. هۆشیار ئیسماعیل و ئەوان جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ناوبراو " تیرۆر" کراوە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەو نزیکانە بەرپرسی دژە تیرۆری هێزەکانی پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو دەکات، بۆ روونکردنەوەی زیاتر لەسەر کەیسی " کوشتنی" د. هۆشیار ئیسماعیل و چۆنێتی کووشتنەکەی زانیاری دەداتە بەرپرسانی ئەو حیزبە.

سەبارەت بە پرسە سیاسیەکە لە کۆبوونەوەی هەردوولا گفتوگۆ لەسەر پەیامەکەی بارزانی کراوە کە لە ٢٠ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی خەجتی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە پەیامەکەی بارزانی دەبێتە بنەمای گفتوگۆکانی پارتی لەگەڵ لایەنەکان.

هەروەها مەسرور بارزانی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە پارتی و یەکێتی لە دوا کۆبوونەوەی ١/١١ دا گەیشتوونتە لێکتێگەیشتن و پێشکەوتنێکی باش و بەو نزیکانە جارێکی تر کۆدەبنەوە.

سپی زانیویەتی، لەو کۆبوونەوەیەدا وەفدی پارتی ئەوەیان روونکردۆتەوە کە ئەوان هەوڵی چارەسەری کێشەکان دەدەن تا مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکران، ئەوا لەوادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن. 

دوای رۆژێک لەو کۆبوونەوەیە، دیار گۆران برای مامۆستا کوژراوەکەی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر دۆسییەی "تیرۆرکردن"ی براکەی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووەو بە تەواوی بێ ئومێد بووین لە ئاشکراکردنی دەستی پشت ڕووداوەکە، ڕاشیگەیاندووە، دەبێت یەکگرتوو بزانێت ئەم کارە بەرامبەر ئەوان کراوە".

لە ڕوونکردنەوەکەی دیار گۆران برای مامۆستا هۆشیاردا، هاتووە " ٦٥ رۆژ بە سەر تیرۆركردنی د.وشیار تێپەر دەبێت و كەیسەكە جگە لە دەسگیركردنی هەردوو بكوژەكە لە لایان ئاسایشەوە تا ئێستا بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری راستەقینەی كردەوە تیرۆرستیەكە ودۆزینەوەی دەستە گڵاو رەشەكەی پشتەوەی كردەوەكە هیچ پیشڤەچونێكی دیكەی بەخۆیەوە نەبینیوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە "بۆیە ئێمە وەك بنەماڵە و خانەوادەی شەهید تەواو بێ ئومیدی ڕوی تێكردوین وگەیشتوینەتە قەناعەتی تەواو كە ئیدی دەزگای دژە تیرۆری هەرێم بەڵێنی دووەمیان ناهێننە دی كە خۆی لە ئاشكراكردنی هۆكاری راستەقینە و دەستی پشتەوەی كردەوە تیرۆرستیەكەیە دەبینێتەوە".

دیار گۆران ئەوەشی وتووە  "دەبێت سەركردە و بەرپرسە باڵاكانی یەكگرتووش هەردەم ئەمەیان لە یاد بێت كە رایانگەیاند: مەعلومە بكوژەكان كێن و زانیاری دروست و یەكلاكەرەوەیان داوەتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ دۆزینەوەو ئاشكراكردنی دەستی پشتەوەی كردەوەكە، شەقامی كوردیش چاوەروانیان دەكات مێژووش ڕەحم بەهیچ كەس و لایەنێك ناكات".

بەپێی زانیاریەکانی سپی، لە دۆسیەی تیرۆرکردنی د. هۆشیار ئیسماعیل پیاوێک دوو زاوای دەستگیرکراون کە یەکێکیان لە هێزەکانی زێرەڤانی یە.




PM:07:50:27/01/2017