ناوی قائیمقامە نوێیەكانی سلێمانی و هەڵەبجە ئاشكرا دەكرێن

وابریارە لەم هەفتەیەدا یەكێتیی و گۆران ، ئاڵوگۆر لەپۆستەكانی قائیمقامی سلێمانی و هەڵەبجەدا  بكەن و  ناوەكانیش ئاشكرا دەكرێن.

لەتیف شێخ عومەر لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە  ماڵپەری فەرمی یەكێتیی راگەیاند: لەچەند رۆژی داهاتوو ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی قائیمقامی سلێمانی و هەڵەبجە لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دا دەكرێت.

وتیشی: ئێمە وەك یەكێتی (ئاوات محەمەد) قائیمقامی پشووی سلێمانیمان بۆ وەرگرتنی پۆستی قائیمقامی نوێی سلێمانی دەستنیشان كردوە.

لەتیف شێخ عومەر ئەوەشی خستەڕوو، رێكارە یاساییەكان تەواو بوون و لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەو گۆڕانكاری لەپۆستەكانی قائیمقامی سلێمانی و هەڵبجە دەكرێت.

لە بەرامبەردا عومەر عینایەت ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بەهۆی ئەو كێشە یاساییانەی لە ئەنجامی قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم هاتوونەتە ئاراوە بزووتنەوەی گۆڕان بە وەكالەت كەسێك بۆ پۆستی قائیمقامی هەڵەبجە دادەنێت.
وتیشی: بزووتنەوەی گۆڕان (حەمید بارام) بەڕێوەبەری ئێستای ناحیەی بیارەی وەك قائیمقامی نوێی پارێزگای هەڵەبجە بە وەكالەت دیاریكردوە.

ئەو گۆڕانكارییانە لەپۆستەكانی‌ قائیمقامی سلێمانی و هەڵەبجە لەكاتێكدایە، گۆڕان‌ و یەكێتی‌ لە 17ی ئایاری ساڵی 2016 دا رێككەوتنێكی‌ سیاسییان ئیمزاكردو تێیدا كاری‌ هاوبەش‌و تێڕوانینەكانیان بۆ چەندین پرس‌و دۆخی‌ هەرێمی‌ كوردستان، عیراق‌و ناوچەكە خستووەتەڕوو



PM:03:39:29/01/2017