بەرپرسێکی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرای دەکات ژمارەیەک پڕۆژە بۆ دەستکاریکردنی مووچە ئامادەکراون و چاوەڕوانی کۆتاییھاتنی سیستمی بایۆمەتری دەکرێت، تا بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.
د. ئاراس خۆشناو سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بەSNNی ڕاگەیاند، "کۆمەڵێک پڕۆژەی دیراسەکراو ئامادەکراون بۆ پێداچونەوە بەڕێژەی موچەی فەرمانبەران، بۆ بڕیاردانیش لەسەر پڕۆژەیەکی گشتگیر، چاوەڕوانی کۆتاییھاتنی سیستمی بایۆمەتری دەکرێت".
وتیشی:"پڕۆژەکان لەلایەن کۆمەڵێک کەسانی پسپۆڕی داراییەوە ئامادەکراون و پێشکەش بەئەنجومەنی وەزیران کراون".
بەوتەی سەرۆکی سەنتەری زانیاریی و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، تائێستا وادەی بڕیاردان لەسەر خشتەیەکی نوێ بۆ موچەی فەرمانبەران نەدراوەو دەشڵێت:"چاوەڕوانی ١٥ی شوبات دەکرێت بۆئەوەی سیستمی بایۆمەتریەکە کۆتایی پێبێت و دواتر بەگوێرەی ڕێژەی داھات و خەرجییەکان، بڕیار لەسەر پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و شێوازی گۆڕانکاریکردنەکەی بدرێت".