ناوەڕۆكی كۆبونەوەی وەفدی یەكێتی و سۆسیالیست

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی وەفدێكی باڵای حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد و لەگەڵ بەرپرسی دەستەی كارگێڕی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە كۆبۆوە.

وەفدەكەی حزبی سۆسیالیست لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری گشتی حزبەكە سەرۆكایەتی دەكرا و لەلایەن مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشوازیان لێكرا و پاشان كۆبونەوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە، رزگار غەفور ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست و یەكێك لەبەشداربووانی كۆبونەوەكە، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتوە "كۆبوونەوەی هەردوولا بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر كۆمەڵێك بابەت، لەوانەش دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان و ئاشتی و پێكەوەژیانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و خۆئامادەكردن بۆ قۆناغەكانی داهاتوو".

دەشڵێت "لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردولا و بەرەوپێشبردنی زیاتری كرا، هەروەها باس لە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان كرا".
ئەو سەردانەی وەفدی حزبی سۆسیالیست، لەكاتێكدایە بڕیارە ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەكی دیكە لە نێوان مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی ئەنجام بدرێت، پێش ئەو كۆبوونەوەیە یەكێتی نیشتمانی سەرقاڵی ئامادەكاری و گفتوگۆ و كۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە.



PM:04:39:04/02/2017