سەرۆکی پەرلەمان: پێویستە کێشەکان چارەسەرێکی ڕیشەیی بکرێن، نەک سیاسەتی پینە و پەڕۆ

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پێشوازیکردن لە ئۆلیڤەر شناکنبێرگ، جێگری باڵوێزی ئەڵمانیا لە بەغدا، دەڵێت "سوپاسی حکومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکەین کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بوون لە رووبەروبونەوەی تیرۆرستان و پشتیوانییەکانیان لە شەرعیەت و پرۆسەی دیموکراتی لە هەرێمی کوردستان."

لەبارەی گفتوگۆی لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانیش، سەرۆکی پەرلەمان وتی "پێویستە کێشەکان چارەسەرێکی ڕیشەیی بکرێن، نەک سیاسەتی پینە و پەڕۆ. بەلامانەوە ئاساییە سێ سەرۆکایەتییەکە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، بەڵام ئاڕاستەکان بەرەو ئەوە دەچن کە بارودۆخەکە درێژەدان بێت، بە کودەتاکەی سەر پەرلەمان، نەک گۆڕانکاریی لە سێ سەرۆکایەتییەکە."

جێگری باڵوێزی ئەڵمانیا وتی " ئێمە پشتیوانی لە شەرعیەتی پەرلەمان دەکەین، پێمان وایە بەڕێزتان سەرۆکی شەرعی پەرلەمانن و دەبێ کۆتایی بەم پەکخستنەی پەرلەمانی کوردستان بهێنرێت."

ئاماژەی بەوەشدا هاوکارییەکانی ئەڵمانیا، پابەندە بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا و پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ئاستی دیموکراتی و دەستاودەستکردنی شەرعیانەی دەسەڵات. بۆیە ئەڵمانیا هەمیشە پشتیوانی شەرعییەت دەکات.!
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە، ٥-٢-٢٠١٧ ئۆلیڤەر شناکنبێرگ جێگری باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا، گفتوگۆیان سەبارەت بە پرسی کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.




PM:02:20:05/02/2017