وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەكات

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان داوای دامەزراندنی قوتابییە یەكەمەكانی زنكۆ‌و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

بەپێی نووسراوێكی ئەمڕۆ دووشەممە، كە ئیمزای د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی لەسەرە و بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان نێردراوە، تیایدا دووپات لەسەر داوای دامەزراندنی سێ قوتابیە یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 دەكاتەوە.

لە نووسراوەكەدا هاتووە "سێ یەكەمەكانی ساڵی 2013-2014 بریتیین لە 1433 دەرچوو، هەروەها دەرچووانی 2014-2015 ژمارەیان 1197 دەرچووە، پێویستە وەكو (موعید) دابمەزرێن و وەزارەت پێویستی بەوان هەیە".

لە كۆتایی نووسراوەكەدا تكا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی یەكەمەكان.



PM:10:00:06/02/2017