"كۆسرەت رەسوڵ داوا لە یوسف محەمەد دەکات دەست لەكار بكێشێتەوە"

لەكۆبوونەوەیەكدا كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی ماوە بەسەرچوو، داوا لە د. یوسف محەمەد دەكات دەست لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكێشێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەیەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بەسپی راگەیاند لەو دیدارەدا كە رۆژی شەممە 4/2/2017 لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ سازكراوە، ناوبراو داوای كردوە لە یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان كە دەست لە پۆستەی هەڵبگرێت بۆ ئەوەی كێشەكانی هەرێم چارەسەر ببێت.

سەرچاوەكەی سپی ئاشكرای كرد كە د. یوسف محەمەد ئەو داوایەی كۆسرەت رەسوڵی رەتكردوەتەوە‌و ئاماژەی بەوەكردوە كە ئەو پرسە دەگەڕێتەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەوان بڕیاردەری یەكەم‌و كۆتایی گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمانن.

هەروەها د. یوسف لەو كۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بەوەكردوە كە پەیامەكەی بارزانی 20/11/2016 باس لە گۆڕینی هەر سێ پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی پەرلەمان‌و سەرۆكی حكومەت دەكات نەك بە تەنها گۆڕینی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

لەدیدارەكەدا یوسف محەمەد بە كۆسرەت رەسوڵی راگەیاندوە كە "تۆ چەند ساڵە جێگری سەرۆكی هەرێمی، بەڵام تا چەند ئاگات لە بڕیارەكانی بارزانی هەیە‌و بەشداری پێكردوویت لە دیدارو كۆبوونەوەكان‌و سەردانەكانیدا؟".

سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بەوەكرد ئەم بۆچوونەی كۆسرەت رەسوڵ لەكۆبوونەوەكەی 11/1/2017ەوە سەرچاوەی گرتووە كە پارتی‌و یەكێتی لەو كۆبوونەوەیدا گەیشتونەتە كۆمەڵێك لێكتێگەیشتن لەسەر چارەسەر كردنی پرسەكانی هەرێم.




PM:03:37:08/02/2017