یەكێتیی گۆڕانكاریی لە 42 پۆستدا دەكات

لەكۆبوونەوەی سبەینێی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیارە گۆڕانكاری لە 42 پۆست لە هەرێم‌و حكومەتی بەغدا بكات.

سەرچاوەیەكی بەرپرسی یەكێتیی كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە هەفتەنامەی ״ئاژانس״ی  راگەیاندوە كە بڕیارە حزبەكەی گۆڕانكاریی لە 42 پۆستدا بكات كە پشكی خۆیەتی و بەشێكیشیان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پڕ نەكراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە كە لەبەر هەستیاریی پرسەكە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە وتی: ״هەندێك گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكاندا دەكرێت ‌و مەكتەبی سیاسی بڕیاری لەسەر دەدات ‌و ئەو پرسە ئەوان یەكلایی دەكەنەوە، بەڵام هێشتا ناوەكان‌ و بڕیاری گۆڕانكارییەكان لە پۆستەكان یەكلا نەكراوەتەوە ‌و پێشنیار هەیە بۆ گۆڕانكاری لەو پۆستانەدا، كە هەندێ لە پۆستەكانی هەرێم ‌و حكوومەتی ناوەندی دەگرێتەوە״.

 بەپێی زانیاریە رۆژنامەییەكان، پرسی گۆڕانكارییەكان لیژنەیەكی باڵای بۆ پێك هێنراوە كە هەریەكە لە مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی‌ و عومەر فەتاح ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌ و پەروین بابەكر، ئەندامی سەركردایەتی تێیدا ئەندامن.

جوتیار نووری، سەرۆكی كۆمیسیۆنی حكوومەت لە ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی  رایگەیاند: ״ماوەیەكی زۆرە باس لە ئیستحقاقاتی هەڵبژاردنی یەكێتیی دەكرێت لەو پۆستانەی تا ئێستا پڕ نەكراونەتەوە لە هەرێمی كوردستان‌ و لە بەغداش، ئێستا جارێكی تر ئەم باسە هاتووەتەوە پێش بۆ ئەوەی ئەوەی هەقی یەكێتییە لەو پۆستانە وەری بگرێت و ژمارەی پۆستەكان لە چل پۆست زیاترن״.
وتیشی: ״ئەو پۆستانەی كە تا ئێستا پڕ نەكراونەتەوە لە بەڕێوەبەری گشتی ‌و بەڕێوەبەری ناحیە ‌و قایمقامییەت ‌و ڕاوێژكاری وەزیر ‌و بریكاری وەزیر پێك هاتوون.



PM:04:34:15/02/2017