لایەنە ئیسلامییەکان هەوڵدەدەن لە هەموو پرسە چارەنووسسازەکاندا یەک هەڵوێست بن

سەرکردەی هەرسێ لایەنی ئیسلامی لە هەولێر کۆبوونەوەوە بڕیاریاندا کاری هاوبەش بکەن و لە پرسە چارەنووسازەکاندا یەک هەڵوێست بن.

دوای کۆبوونەوەکە کە ئەمڕۆ ٢/٢٨ لە بارەگای ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان سازکرا، 
کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەرییان سازکرد، لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاند " لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كار هاوبەشی ئیسلامییەكان و شەڕی داعش و سەربەخۆی كوردستان كراوە".

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە مانگی داهاتوو كۆبونەوەیەكی تر لە ژێر ناوی ( دیدرای لایەن و كەساییەتیە ئیسلامییەكان ئەنجام دەدەین).

دواتر عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند " گەلی كورد مافی خۆیەتی قەوارەیەكی تایبەت بە خۆی هەوبێت، جەختمان لەسەربەخۆیی كوردستان كردۆتەوە".
ئەو وتی" هەوڵدەدەین لە هەموو پرسە چارەنووسەكاندا یەك هەڵوێست بین".

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی وتیشی " مافی چارەی خۆ بەڕێوەبردن مافی خۆمانە و هەموومان هاوهەڵوێستین لەسەر ئەم پرسە، بەڵام لە رووی شێواز و میكانیزمەوە بۆچوونی جیاوازمان هەیە".

عەلی باپیر ڕاشگەیاند " پرسی سەربەخۆیی هەرێم تایبەت نییە بە لایەنێکی دیاریکرا و ئەو پرسە بە تەنها بە لایەنێک ئەنجام نادرێت و هەونگاو نانیش بۆ سەربەخۆیی بە چاکسازی کردن و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی هەرێم دەبێت".

لە كۆتایی كۆنگرە رۆژنامەنوانیەكەشدا عیرفان رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی وتیی " لە كۆبونەوەكەدا باسی سەربەخۆیی كوردستان و نەهامەتیەكانی خەڵكمان كردووە".

لە بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سێ خاڵ باسکراوە، کە لایەنە ئیسلامییەکان، داوای پێداچوونەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکەن، داواش لە لایەنە سیاسیەکان دەکەن نەرمی بنوێنن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم بدەن.

سەبارەت بە سەربەخۆیی و ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، لایەنە ئیسلامییەکان ڕایانگەیاندوە : پێویستە بە هاوسەنگی و هاوتەریبی کار لەسەر ئەو دوو پرسە بکرێت، هیچ پرسێک لەسەر حسابی پرسێکی دیکە پەراوێز نەخرێت و هەلومەرج و فرسەتە ڕەخساوەکان بە هێچ شێوەیەک لە دەست نەدرێن.



PM:06:41:28/02/2017