ئایا هێزەکەی یەکێتی هەموو نەوتی کەرکوکی راگرتووە؟

ئەو هێزەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بەیانی ٣/٢ چوونەتە سەر کۆمپانیای نەوتی باکور جێگەیەکی زۆر هەستیاریان کۆنترۆڵکردووە کە بۆتە هۆی راگرتنی هەموو نەوتی کەرکوک.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و شارەزا لە نەوتی کەرکوک و کۆمپانیاو کێڵگەی نەوتی باکور بە سپی راگەیاند" ئەو هێزەی یەکێتی کە چوونەتە سەر نەوتی کەرکوک و کۆنترۆڵیان کرد بۆ چەند کاتژمێرێک، چوونەتە سەر شوێنیکی زۆر هەستیار و توانیوویانە بۆ ماوەیەک ناردنی هەموو نەوتی کەرکوک راگرن".

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هێزە چوونەتە سەر بەشی "ترکیز" ی کۆمپانیای نەوتی باکور و ئەو یەکەیەیان لە کارخستووە.

سەبارەت بە گرنگی ئەو بەشە، ئەو پسپۆرە دەڵێت" ئەم بەشە هەرچی نەوتی بیرەکانی کەرکوکە کە بەرهەم هاتووەو دەنێردرێت بۆ تورکیا دەبێت بەم بەشەدا تێپەڕێت، لەم بەشەدا نەوتەکە لە ترشی هایدرۆکلۆریک پاک دەکرێتەوە، چونکە ئەگەر نەوت بەم پرۆسیەدا نەڕوات، ئەوا ئەو نەوتە کە دەکرێتە بۆریەوە لە ماوەیەکی کەمدا بەهۆی ئەو ترشە بۆریەکە دووچاری داخووران دەکات".

سەرچاوەکەی سپی ئەو زانیارییەی ئاشکرا کرد کە ئەو هێزە تەنها نەوتە بەرهەمهاتووەکانی بیرەکانی ( خەباز و جەمبور و بابەگوڕ گوڕ ) کەرۆژانە نزیکەی ١١٠ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنیت رانەگرتووە، بەڵکو نەوتی بیرەکانی  ( ئاڤاناو بای حەسەن )یشیان راگرتووە کە رۆژانە نزیکەی٢٦٢ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنن.  




AM:12:46:03/03/2017