سوپای ئەمەریكا هێز لە شاری مەنبەج و دەوروبەری بڵاودەكاتەوە

سوپای ئەمەریكا هێزێكی خۆی لە شاری "مەنبەج"ی رۆژئاوای كوردستان بڵاو دەكاتەوە، لەپێناو رونەدانی پێكدادان لەنێوان لایەنە جیاوازەكانی ناوچەكە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ئاشكرای دەكات سوپای وڵاتەكەی ژمارەیەكی كەم لە هێزەكانی لەناوەوەو دەوروبەری شاری مەنبەج ی رۆژئاوای كوردستان بڵاو دەكاتەوە.
جێف دەیڤس، راشیگەیاندووە، بڵاوكردنەوەی ئەو هێزەی سوپای وڵاتەكەی لەپێناو رێگری لە هەر ئاڵۆزی و پێكدادانێكی لایەنە جیاجیاكان تاوەكو ئەو هێزانە هێرش نەكەنە سەر یەكتری و هەموو تواناكانیان دژ بە داعش بەكاربهێنن.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ئاماژەی بەوەشداو بڵاوەپێكردنی ئەو هێزە لە مەنبەج ئاماژەیەكی رونە، بۆ دڵنیایی لە رونەدانی هیچ دۆخێكی نەخوازراو لەو شارە.
بڵاوكردنەوەی هێزی سوپای ئەمریكا لە مەنبەج لەكاتێكدایە ماوەی چەندین مانگە توركیاو چەكدارە توندڕەوەكانی سەر بە توركیا لەهەوڵی داگیركردنی شاری"باب"دان و ئاماژەیانە بەوەشكردووە دوای باب نۆرەی داگیركردنی مەنبەج دێت.

هەروەها ماوەی شەش رۆژە هێزەكانی توركیا و چەكدارە توندڕەوەكانی سەر بە توركیا بەردەوام هێرش دەكەنە سەر گوندەكانی رۆژئاوای مەنبەج و فڕۆكە سیخوڕییەكانی سوپای توركیا بەسەر ئاسمانی گوندەكانی رۆژئاوای مەنبەج دا سوڕاونەتەوە بەڵام لەلایەن شەڕڤانانەوە بەتوندی وەڵامدراونەتەوە.






PM:11:13:06/03/2017