وادەی دەستکاریکردنی مووچە و چۆنێتی دەستکاریکردنی ڕاگەیەندرا

ڕۆژنامەیەکی نزیک لە پارتی ئاشکرایدەکات مووچەی مانگی ١ی ٢٠١٧ بەپێی ھەمان لیستی مووچەی مانگی ١٢ دەبێت بەبێ دەستکاریکردنی و تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی وادەی دەستکاریکردنی مووچەوە نەدراوە

ڕۆژنامەی باسی نزیک لە پارتی بڵاویکردەوە "بەھۆی پاشەکەوت بڕی مووچە لە ٧٥٠ملیۆن دۆلارەوە بووەتە ٤٣٠ ملیۆن دۆلار و ئێستاش بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت داھاتی حکوومەت زیادی کردووە".

د. ڕێکەوت حەمەڕەشید، وەزیریتەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئێستا لیژنەیەک لە حکوومەت خەریکی ئەوەن پێداچوونەوە بە پاشەکەوتی مووچەدا بکەن.

دکتۆر نووری عوسمان، ئەندامی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی لەئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاندووە ئێستا حکوومەت کار لەسەر پێداچوونەوە بە پاشەکەوتی مووچەدا دەکات و نەگەیشتووەتە بڕیاری کۆتایی، تا پێداچوونەوە بە رێژەی پاشەکەوت بڕیاری لەبارەیەوە دەدرێت، دابەشکردنی مووچە وەکو خۆی بەردەوام دەبێت

وتیشی مووچەی مانگی ١ی ٢٠١٧ کە لە مانگی ٣دا دابەش دەکرێت وەکو مانگەکانی پێشووتر دەبێت، بەتەواوی نازانم کەی پێداچوونەوەی مووچە تەواو دەبێت و کاری پێ دەکرێت، ئەوەیان ماوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی

ئەو ڕۆژنامەیە ئاشکراشی کردووە کە رێژەی دەستکاریکردنی پاشەکەوتی مووچە لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ دەبێت، لەگەڵ ئەوەی پێشنیازی ئەوەش کراوە کە لەبڕی پێداچوونەوە بە پاشەکەوت تەنیا مووچەی بنەڕەتی و ھەندێک دەرماڵەی جێگیر بدرێتە فەرمانبەران، بەڵام ھیچ بڕیارێکی کۆتاییش نەدراوە.

مەدینە ئەیوب، ئەندامی لیژنەیدارایی پەرلەمانی کوردستان وتویەتی"زانیاری ئەوەم دەست کەوتووە کە ئەوانەی مووچەکانیان ٤٠٠ ھەزار یان ٥٠٠ ھەزار بێت، حکوومەت دەیەوێ وەک خۆی بێت و بەبێ پاشەکەوت مووچەکانیان دابەش بکات، بەڵام ئەوانەی مووچەکانیان لە سەرووی ٥٠٠ ھەزارەوەیە،‌ دەستکاری دەکرێت و بەپێی زۆریی مووچەکە پاشەکەوتی لێ دەکرێت، بەتایبەتی پلە باڵاکان".



PM:05:56:08/03/2017