نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا دژی کورد مەحکوم دەکات

کۆمسیۆنی مافەکانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سیاسەتی تورکیا دژی کورد مەحکوم دەکات و ئاشکرای دەکات کە لە تەموزی ٢٠١٥وە تا کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦،  دوو هەزار کەس لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیا لە باکوری کوردستان کوژراون.
نەتەوە یەکگرتووەکانی راپۆرتێکی لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە تورکیا دەرکرد و بە توندی دژی ئەو پێشێلکاریانە وەستایەوە کە حکومەتی تورکیا لە تەموزی ٢٠١٥ ەوە پیادەی کردووە تا کانوونی یەکەمی ٢٠١٦.

کاولکاری زۆر و پێشێلکاریەکی مەترسیدار لە باکوری کوردستان ئەنجامدراوە، ئەمە ناوەرۆکی یەکەمین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکانە دوای ١٨ مانگ لە شەڕ و بۆردومانکردن و خاپورکردنی ژمارەیەک لە شار و شارۆچکەکانی باکوری کوردستان.

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی ئەو رێکخراوە جیهانییە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دوای بەرێوەچوونی خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ دا هێزەکانی تورکیا دەستیان کرد بە ژمارەیەک ئۆپراسیۆن لە شارەکانی باکوری کوردستان ( نسێبین، ئامەد، شەرناخ،  گەڤەر، جزیرە و هەزەخ) کە یەکێک لە درێژترین ئۆپراسیۆنەکان لە شارۆچکەی نسێبین بوو، کە چوار مانگی خایاند و ئەو شارۆچکەیە بە تەواوی خاپورکرا و بووە ناوچەیەکی سەربازیی و تەواوی دانیشتوانەکەشی ئاوارەبوون.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات لەو ٢٠٠٠ کەسەی کە لە ماوەی ئەو ١٨ مانگەدا کوژراون، ١٢٠٠ کەسیان هاوڵاتی مەدەنی و ئەندامانی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل یەپەسە بوون، لە بەرامبەردا ٨٠٠ کەس لە کوژراوەکان لە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بوون، هاوکات زیاتر لە ١٨٠٠ خانوو خاپوربوون و  ٥٠٠ هەزار کەسیش لە ناوچەکانی شەڕ ئاوارەبوون.

هەر لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بەوەکراوە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦وە نزیکەی ١٨٩ کەس لە شارۆچکەی جزیرە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە ژێرزەمینەکاندا گیریان خواردووە، بە بێ نان و ئاو و خزمەتگوزاری تەندروستی.

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێت تورکیا ڕێگەی نەداوە سەردانی چەند شوێنێکی دەستنیشانکراو بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەکاتێکدا بۆماوەی زیاتر لە مانگێک داواکارییان پێشکەش کردبوو، بەڵام تورکیا وەڵامی داواکاریەکەیانی نەداوەتەوە.

ئەو رێکخراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەرچەندە ئۆپراسیۆنی هێزەکانی سوپای تورکیا لە باکوری کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام ڕەوشەکە نا ئارامە و جێگیر نییە، ئۆپراسیۆنەکان و دەستگیرکردنی ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە و پەکەکە بەردەوامە.



AM:10:03:11/03/2017