لەمیحوەری مەخمور هێزێكی زۆری پارتی بە دوو ئاراستە دەجوڵێنرێت

بەرپرسێكی یەكێتی لەناوچەی مەخمور راگەیاند پارتی هێزێكی زۆر زۆری بەچەك‌و جبەخانەی جیاجیاوە هێناوەتە ناوچەی مەخمور‌و شاخی قەرەچۆغ‌و سەرگەڕان.

رەشاد گەڵاڵی بەرپرسی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سپی رایگەیاند: ئەو هێزەی ئەمرۆ پارتی هێناویەتی ناوچەكە، لەسەردەمی شەڕی داعشیشدا هێزێكی وا گەورە‌و پڕچەك‌و جبەخانە بۆ ئەو ناوچەیە نەهێنراوە.

ناوبراو ئاشكراشیكرد كە هێزەكە تانك‌و زرێپۆش‌و ئۆتۆمبیلی هەمەری تێدایە.

بەرپرسی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی بەدووری نەزانی كە ئەو هێزە بۆ دوو مەبەست هێنرابێت یەكەم، پارێزگاری لە بیرە نەوتەكانی بای حەسەن‌و ناوچەی قەرەچەم بكات، مەبەستی دووەمیش بۆ كێشەی پەكەكە هێنرابێت كە لەناوچەی مەخمورن.

سەبارەت بە دووری ئەو هێزەی پارتی لە شوێنی گەریلا‌و هاوڵاتیانی سەر بەپەكەكە، گەڵاڵی وتی: لەسەر شاخی قەرەچۆغ هەردوو هێزەكە بنكەیان هەیە‌و زۆر لەیەك نزیكن.

كەمپی مەخمور نزیكەی 4 هەزار خێزانی كوردی باكوری تێدا دەژی كە دۆستی پەكەكەن‌و زۆربەیان خەڵكی سیڤیلن‌و ژمارەیەك چەكداری پەكەكەشیان لەگەڵدایە.



PM:01:02:11/03/2017