داوا دەکرێت شایستە داراییەکانی جوتیاران هاوتای پارێزگاکانی عێراقی لێبکرێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت " داوامان كردووە جوتیارانی هەرێمی كوردستانیش وەك  پارێزگاكانی دیكەی  عێراق ۸٠٪ شایستە داراییەكانی بۆ سەرف بكرێت نەك رێژەی (۳۸٪ )  و دەشڵێت".

د.فەرهاد قادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی "میللەت"ی راگەیاند " دوای ئەوەی داوامانكرد كێشەی پارەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە، لە كۆبوونەوی ئەمڕۆی پەرلەمان جێگیركرا".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا ناوبراو وتی" دوای گفتۆگۆ كردنی پەرلەمانتاران و باسكردنی ئەو زوڵمەی لە جوتیارانی هەرێم دەكرێت بە هەڵاوێرد كردنیان (استپنا‌و) لە بڕیاری وەرگرتنی رێژەی (۸٠٪ )ی شایستە داراییەكانی ساڵی( ۲٠۱٦ )یان و لە بەرامبەردا رێژەی (۳۸٪ ) یان بۆ خەرج بكرێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە، " بەپێی ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەریكرد، لە كۆتاییدا سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا لە دانیشتنی داهاتوودا دەنگ لەسەر بڕیارێك بدات كە جوتیارانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی جوتیارانی تری عێراق شایستە داراییەكانیان وەربگرن و دادوەری پەیرەو بكرێت لە دابەشكردنی پارەدا".

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەو بڕیارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی دێت، کە رێژەی پارەی جوتیارانی هەرێمی کرد بە لە ١٧% و ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایەتی سەرکردایەتی کوردو پەرلەمانتاران و جوتیارانی هەرێمی کوردستان.



PM:08:46:11/03/2017