"نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە"

نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان وازی لە جگەرە کێشان هێناوە و بە وتەی هەڵسوڕاوێکی گۆڕانیش نزیک 21ی ئازار دەگەڕێتەوە.

داهێن هاشم، هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبوك، ئاشکرایکرد کە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا وازی لە جگەرە کێشان هێناوە.

ئەو هەڵسووڕاوەی گۆڕان نوسیویەتی "هێشتا دوكەڵی ئاگری نەورۆز بە ئاسمانەوە دەبێت ئەو دەگەرێتەوە ،بەڵام ئیتر ئەو دوكەڵی جگەرە بەبا ناكات و كۆتایی پێ هێنا، ئیتر خەمی گەورە دەگرێتە ئەستۆ ،ئەركی گرنگ و چارەنوسساز ئەنجام ئەدات".

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.



AM:10:26:16/03/2017