شێوازی دابەشكردنی بەنزین لە ڕۆژانی نەورۆز راگەیەنرا

بەمەبەستی بەدواداچوون و كەمكردنەوەی كێشەی سوتەمەنی، لیژنەی سوتەمەنی شاری سلێمانی كۆبووەوە و قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، كە كارئاسانی تەواو دەكەن بۆ ئەو كەس و كۆمپانیایانەی بیانەوێت سوتەمەنی ھاوردە بكەن.

ئەمڕۆ یەك شەممە 19ی ئازاری 2017، ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی سوتەمەنی كۆبووەوە و ڕایگەیاند، بەدواداچونەكانمان بۆ كوالێتی سوتەمەنی بەردەوامە و پشكنین بۆ ھەموو گۆرەپان و عەمبارەكانی سوتەمەنی دەكرێت، بۆ دڵنیابوون لە كوالێتی ئەو سوتەمەنیەی دێتە ناو شار.

دەربارەی ڕۆژانی نەورۆز و گەشت و سەیران، ئاوات محەمەد وتی: "پاڵاوگەی گەڕۆكمان بۆ ڕۆژانی نەورۆز و وەرزی گەشت و سەیران ئامادە كردووە و بەدواداچون بۆ كوالێتی ئەو بەنزینە دەكەین، كە دابەشدەكرێت لە وێستگەكاندا و سەرپێچیكاران ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكەینەوە".

قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە كارئاسانی تەواو دەكەن بۆ ھاوردەكردنی سوتەمەنی لەلایەن ئەو كەس و كۆمپانیایانەی، كە بە كوالێتی بەرز و نرخی گونجاو سوتەمەنی دابین دەكەن.



PM:04:09:19/03/2017