كچە بەندكراوێكی كورد: لەزینداندا دەستدرێژی كراوەتەسەرم

ئەفسانەی بایەزیدی، كچەی زیندانی سیاسی كورد لەنامەیەكدا بۆ عەلی خامەنەیی رابەری ئێران، ئاشكرایدەكات لەزیندانەكانی ئێران دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر زیندانیان.

ئەفسانە بایەزیدی، كچە بەندكراوی كورد كە بەهۆی ئەوەی ئەو نامەیە بۆ عەلی خامەنەیی نوسیبوو لایەن بەرپرسانی زیندانی دەستی بەسەردا دەگێرێت، هەفتەی رابردوو بۆ ماوەی 15 رۆژ خرایە ژووری تاكەكەسی لەزیندانی شاری یەزد.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی هەنگاو، ئەو كچە كوردە لەنامەكەیدا دەنوسێت: "هەرگیز فەرامۆشی ناكەم كە لەزیندان چیان بەسەر من‌و كەسانی وەك مندا هێناوە، بەڵام رۆژێك هەر دەگات كە كەسانێك وەك من، تۆ‌و هاوبەشەكانی تۆ لە دادگایەكی ساڵحدا دەبینن. بەهیوای ئەو رۆژەی كە داگیركەرانی رژیمی گڵاوی ئیسلامی بەسزای كردەوەكانیان بگەن".

 ئەفسانە بایەزیدی كە كچە كوردێكی خەڵكی شاری بۆكان لە رۆژهەڵاتی كوردستانە، ماوەی سێ ساڵ لەوەپێش لەزنكۆی شاری مەراغە دەستگیر كرا‌و  بە تۆمەتی هەوڵدانی دژی حكومەتی ئێران‌و سوكایەتی بە عەلی خامەنەیی رابەری ئێران بە چوارساڵ زیندان‌و دوورخستنەوە بۆ زیندانی كرمان مەحكوم كرا.




PM:03:26:26/03/2017