"کەرکوک بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ ناکات"

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، بریارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جێبەجێ ناکەن و بڕیاری هەڵکردنی ئاڵا لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکەوە نادەستووری نەبووە.

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا، سوپاسی فراسیۆنە کوردستانییەکانی کرد کە پشتیوانی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردووە.

وتیشی "بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ داگرتنی ئاڵای کوردستان، جێبەجێی ناکەین، چونکە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەو ناوچانەی خۆیان بڕیاردەرن، دەتوانن بڕیارە تەنفیزییەکان جێبەجێ نەکەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەپێی مادەی ١١٥ ی دەستوور، دەسەڵات دراوە بە پارێزگاکان بۆ دەرکردنی بڕیارەی تایبەت بە ناوچەکانی خۆیان، هەروەها بەپێی مادەی ١٤٠ ی دەستوریش کەرکوک ناوچەیەکە کێشەی لەسەرە، بۆیە دەتوانرێت هەردوو ئاڵای عێراق و کوردستان هەڵبکرێت.

ئەمڕۆ ١ ی نیسانی ٢٠١٧ پەرلەمانی عێراق، لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا، بە لابردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا حکومییەکانی شاری کەرکوک و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کرد.

ڕۆژی ٢٨ ی ئازاری ٢٠١٧ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراقدا، لەسەر سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت.



PM:08:52:01/04/2017