خوێندنی باڵا وەڵامی زانکۆی گەرمیان دەداتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی داوا لە سەرجەم زانکۆکانی کوردستان دەکات سەرنجی خۆیان بەمەبەستی پەیرەوکردنی(کۆدی جلی زانکۆیی) بۆ وەزارەت بنێرن تاوەکو لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت تاوتوێی بکرێت.

فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە نوسراوی ژمارە (٤٩٠٣)دا کە ئەمڕۆ چوارشەممە دەرچووە، داوا لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان دەکات را و سەرنجی خۆیان بنێرن بۆ پەیرەوەکردنی کۆدی جلی زانکۆیی، ئەمەش پاش ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.

لە بەشێکی دیکەی نوسراوەکەدا هاتووە، بەمەبەستی پەیرەوکردنی کۆدی جلی زانکۆیی(university dress code)، گونجاو لەگەڵ ژینگەی زانکۆکانی کوردستان، لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران بەپێی ستانداردەکانی جیهانی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە زانکۆکان دەکات کە راو بۆچونی خۆیان بنێرن بۆ وەزارەت، تاوەکو لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت تاوتوێی ئەم بابەتە بکرێت.

دەشڵێت، پێویستە زانکۆکان هیچ جۆرە رێکارێک لە بەرامبەر خوێندکاران و قوتابیان نەگرنەبەر لەبارەی جلی زانکۆیی تا لە ئەنجومەنی وەزارەت شێوازەکە یەکلاییی دەکرێتەوەو بڕیاری گونجاوی لێدەدرێت.

 ئەم نوسراوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پاش ئەوەدێت، کە نوسراوێک لە لایەن زانکۆی گەرمیانی سەربە پارێزگای سلێمانی بڵاو کراوەتەوە داواكاریەك ئاراستەی خوێندكارانی كچ دەكات لەسەر پۆشاكیان. زیاتر بخوێنەرەوە



PM:05:23:05/04/2017