وێنە.. دوو كەس پاش دزینی 13 دەفتەر دەستگیركران

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو دزی راگەیاند کە تۆمەتبارن بە دزینی ١٣ دەفتەر دۆلار لە دوکانێکی ئاڵوگۆڕی دراو لە شەقامی سالم.

لە راگەیاندراوێکدا ئەمڕۆ ٥ شەممە ١٣/٤/٢٠١٧ پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند '' دوای ئەوەی ھەواڵی بڕینی دوکانێکی ئاڵوگۆڕی دراو لە شەقامی سالم بڵاو بووەوە و زیاتر لە سیانزە دەفتەر دۆلار لە لایەن ٢ تۆمەتبارەوە برا ,دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکی پێکھێنا و تەنھا لە ماوەی ٧٢ سەعاتدا توانرا تۆمەتبارەکان دەستگیر بکرێن''.

لەو بارەیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ووتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند : دوای پێکھێنانی لیژنەیەک بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی نەھێشتنی تاوان دەستبەکاری لێکۆڵینەوە کراو توانرا تەنھا لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکرێن کە دەستیان ھەبووە لە بڕینی دوکانێکی ئاڵوگۆڕی دراو و زیاتر لە سیانزە دەفتەر دۆلاریان دزیوە.

 نەقیب سەرکەوت وتی : دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران گەیشتوینەتە ئەوەی کە بەشێکی پارەکان لە کوێ دانراوە و ئەوانەی دیکەش بۆ کوێ حەواڵە کراوە .

 وتیشی : تۆمەتبارەکان بە ڕەگەز تورکن و لەبەردەم دادوەریش دانیان بە تاوانەکەیان ناوە.



PM:12:15:13/04/2017