لێدوانەکەی بەڕێوبەری ئاسایشی هەولێر لەسەر فەرهاد پیرباڵ کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند ئەوانەی لە فەرهاد پیرباڵیان داوە کەسانی ئاساین و بەشێک لە نوسەر و ڕۆشنبیران دەڵێن دەڵێن کەسانی ئاسایی ناتوانن لە شاری هەولێردا بەچەکەوە بسوڕێنەوە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، تارق نووری ڕایگەیاند" شه‌وی رابردوو به‌ كاتێكی كه‌م توانرا ئه‌و دوو كه‌سه‌ی له‌ فه‌رهاد پیرباڵ ده‌ده‌ن، ده‌ستگیربكرێن و ئێستا كه‌یسه‌كه‌یان لای پۆلیسه‌ و ئاسایش ترمه‌تباره‌كانی راده‌ستی پۆلیس كردووه‌".

لەو بارەیەوە ڕێبین ڕەسوڵ، نوسەر و ڕۆشنبیری دیاری هەولێر بە سپی ڕاگەیاند "ڕووداوی هێرشکردنە سەرفەرهاد پیرباڵ پێی وتین هیچ کەسێک پارێزراو نییە و دەزگا ئەمنییەکان خۆیان هەڕەشەن بۆ سەر ئازادییەکان و دەبێت جارێکی دیکە پەروەردە بکرێنەوە".

ئەو سەبارەت بە لێدوانەکەی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، ئەو نوسەرە هێمای بۆ ئەوەکرد کە هیچ کەسێکی ئاسایی لە شاری هەولێردا ناتوانێت بە چەکەوە بسوڕێتەوە و وتی "بۆچی من ناتوانم ئەو کارە بکەم و بێگومان ئەو کارە دەزگا ئەمنییەکانی لەپشتن و دەبێت ئەم ڕووداوە ببێتە هۆی ئەوەی کە بە هێزە ئەمنییەکاندا بچنەوە و بە پەروەردەکردنیاندا، هەروەها ئەمە دەمانخاتە دۆخێک کە دەکرێت هەر کاتێک بویسترێت لە کەسێک بدرێت لە شاری هەولێر".

لە کاتی گرتە ڤیدیۆییەکەدا بە بەرچاوی خەڵکەوە لە فەرهاد پیرباڵ دەدرێت سەبارەت بەوەی بۆچی خەڵک کاردانەوەی نەبووە، ڕێبین ڕەسوڵ جەختیکردەوە کە بەهۆی باڵادەستی هێزە ئەمنییەکان و ترسی خەڵکەوە لەوان نەیانتوانیوە هیچ کاردانەوەیەکیان هەبێت و کاتێک ڕێگری لە خۆپیشاندان دەکرێت و ئازادییەکان بەرتەسک دەکرێنەوە خەڵک لەهەڵوێست وەرگرتن لەسەر ڕوداوێکی لەو شێوەیە دەترسن".

هەروەها بابەکڕ دڕەیی بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری سلێمانی ڕایگەیاند "لێدانی پیرباڵ كارێكی فاشیستی و قبوڵنەكراوە…. تەنها ئێستایە كە دەبێ هەموان باوەشی خۆشەویستی بۆ فەرهاد بكەینەوە و پێیی بڵێین كە سەرباری هەمو جیاوازیەكان تۆمان خۆش دەوێ…. ئەو ڕەنگە شایستەی هەر ڕەخنەیەكی فكری یان سیاسی بێت، بەڵام تەنها لە سیستمێكی فاشستیدا بەو جۆرە ماماڵە دەكرێ كە لە هەولێر كرا…. گرتنی شەقاوە چەكدارەكانیش هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ چونكە خودی سیستمی سیاسی هەولێر ئەوانی بەرهەم هێناوەو سەدان جاری تریش بەرهەمیان دێنێتەوە".



PM:02:50:13/04/2017