مەرجەکانی هەڵبژاردنی شاجوانی زانکۆکان ئاشکرا کرا

بۆ یەکەمجار لە شاری سلێمانی هەڵبژاردنی شاجوانی زانکۆکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدرێت و مەرجەکانیش ئاشکرادەکرێت.

سەرپەرشتیاری دیاریکردنی هەڵبژاردنی زانکۆکانی سلێمانی، ئالان عومەر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە سپی ڕاگەیاند بۆ یەکەمجار هەڵبژاردنی شاجوانی زانکۆکان ئەنجام دەدرێت و دەبێت ئەو خانمانەی خۆیان دەپاڵێون خوێندکاری یەکێک لە زانکۆکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بێت.

لەبارەی مەرجەکانی وەرگرتنی ئەو خانمانەوە، ئالان ڕوونیکردەوە "دەبێت ئەو خانمانە CV خۆیان بنێرن و تەمەنیان لە نێوان ١٩ بۆ ٢٥ ساڵدا بێت و زانیاری گشتی و جوانی و گونجاوی لەشولارییان لە لایەن لیژنەیەکی سێ کەسییەوە هەڵدەبژێردرێت".

جەختیشی کردەوە کە هەموو کچانی زانکۆکان مافی خۆ کاندید کردنیان هەیە بەڵام تەنها یەک لەو خانمانە نوێنەرایەتی زانکۆکەی خۆی دەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بەتەنها خانمە هونەرمەند کۆمسای بڕیار لەسەر شاجوان نادات و بەڵکو لەلایەن هەریەکە لە ژالیا سیروان، شاجوانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٦ و هونەرمەند شوان عەتووف، هەروەها کۆمسیا، هەرسێکیان بڕيار لەسەر دیارکردنی شاجوان دەدەن.

ئەو کەسەی شاجوان کۆمەڵێک سوپرایز و دیاری بۆ ئامادە کراوە، ئالان لەو بارەیەوە وتی "دەمانەوێت وەک سوپرایز بمێنێتەوە، لە شەوی هەڵبژاردنی شاجواندا ئاشکرایدەکەین".

بڕیارە چالاکییەکە شەشی ئایاری 2017 لە کاتژمێر شەشی ئێوارە لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.



PM:05:32:17/04/2017