سەرۆکی زانکۆ ڕەخنە لەمیدیاکاران دەگرێت

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی هاوخەمی خۆی بۆ گیان لەدەستدانی کارمەندێکی بەرگری شارستانی دەردەبڕێت و ڕەخنەی توندیش لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەگرێت.
دکتۆر رەزا حەسەن، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و سەرۆکی زانکۆی سلێمانی کەمێک لەمەوبەر لەبارەی ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە لە بەشە ناوخۆیی کوڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتوە "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو کارمەندەی بەرگری شارستانی دەکەین کە لەپێناو پاراستنی گیانی خوێندکارانی زانکۆکەکەمان، گیانی بەخشی".
 سەرۆکی زانکۆی سلێمانی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش بۆ گرفتێکی تەکنیکی دەگێڕێتەوە و سوپاسی تیمەکانی بەرگری شارستانی و تەندروستی و ئاسایش و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ دەکات کە وەک خۆی دەڵێت  "زۆر بە خێرایی گەیشتنە شوێنی رووداوەکەو ئەرکەکانیان جێبەجێکرد".
هەروەها ڕەخنەی توندیش لە میدیاکاران دەگرێت و دەڵێت "بەداخەوە هەندێک لە میدیاکان کە بەشێکیان بەهۆی خێرا گواستنەوەی هەواڵەکە، وە بەشێکی تریشیان نابەرپرسانە زانیاری ناڕاست و هەڵەیان لەبارەی رووداوەکەی ئەمرۆِ بڵاوکردەوە کە پێویست بوو زیاتر رەچاوی باری دەروونی کەسوکاری ئەو خوێندکارانەیان بکردایە کە لەو بەشە ناوخۆییەدان، بەتایبەت ئەوانەی کەسوکاریان لەدەرەوەی شارن و ئاگاداری هەواڵی رۆڵەکانیان نین".
هەروەها لە پەیامەکەیدا دکتۆر ڕەزا دڵنیایشی داوەتە خوێندکاران و کەسوکاریان و دەڵێت "دڵنیایان دەکەینەوە گیانیان پارێزراو دەبێت و زانکۆی سلێمانیش لیژنەی تایبەت بۆ وردەکاری زیاتری هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە دروست دەکات".
ئێوارەی ئەمڕۆ 21ی نیسان کاتژمێر 6:10 خولەکی سەر لەئێوارە ئاگرێک لە بەشە ناوخۆیی کوڕانی زانکۆی سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە 10 خوێندکار بریندار بوون و کارمەندێکی تیمەکانی بەرگری شارستانیش بەهۆی زۆری سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا.


PM:11:50:21/04/2017