" چەند کەناڵێکی زەبەلاح بە پارەی میللەت خەریکی گەوجاندن"

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیەوە دەڵێت "چەند کەناڵ و ئۆرگانێکی زەبەلاح بە پارەی میللەت و بە پشتیوانی و سێبەری حیزب، خەریکی گەوجاندن و شاردنەوە و ئاوەژوکردنەوەی ڕاستییەکانن".

د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێكیدا ئەوەی خستەڕوو " ڕەوتی ڕۆژنامەگەریی کوردی، قۆناغی جیاوازی بڕیووە. پاش ڕاپەرین، مەودایەکی فراوان بۆ کارو پیشەی ڕۆژنامەگەریی ڕەخسا. بەڵام بەداخەوە، پاشتر، ڕۆژنامەنووسان قوربانی گەورەیان بە خوێن و گیانی خۆیان بەخشی لە پێناو پیشەکەیاندا".

سەرۆكی پەرلەمان لە پەیامەكەیدا نوسیویەتیشی " ڕۆژ بەڕۆژ هەوڵی بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەگەریی دەدرێت. لەوەش خراپتر، چەندین رۆژنامەنووسی ئازاو بوێر تیرۆرکراوە.! بە ئاستێک لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە، بە شوێنێکی مەترسیدار بۆ کارو پیشەی ڕۆژنامەنووسی ئاماژەی بۆ کراوە.!"

ئاماژەی بەوەش كردووە: لەبەرامبەر ئەمەشدا، دژ بەو چەند کەناڵە ئازا و ئەهلییانە، چەند کەناڵ و ئۆرگانێکی زەبەلاح بە پارەی میللەت و بە پشتیوانی و سێبەری حیزب، خەریکی گەوجاندن و شاردنەوە و ئاوەژ وکردنەوەی ڕاستییەکانن ، 

لە کۆتاییدا نوسیویەتی: لەم یادە پرشنگدارەدا، سڵاو دەنێرین، بۆ گیانی پاکی ڕۆژنامە شەهیدەکان. سڵاو بۆ ئەو ڕۆژنامەنووس و دەنگە دلێرانەی، پێشمەرگانە و ئازایانە، لەم بارودۆخە سەخت و دژوارەدا، شەڕی دژ بە گەندەڵی و دزینی قوتی هاوڵاتیان دەکەن



PM:09:10:22/04/2017