سپی وردەكاری دامەزراندن لەم وەزارەتە بڵاو دەكاتەوە

وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم ژمارەیەك دەرچووی بەشە كشتوكاڵیەكان بە گرێبەست دادەمەزرێنێت و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانیش دەڵێت "دامەزراندنەكە لەڕێگەی سەندیكاوە دەبێت".
شاڵاو مەلا جەمال، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "سپی" ڕایگەیاند "پاش گفتوگۆیەكی زۆر و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵەی خانووە پلاستیكیەكان وەزارەتی كشتوكاڵ هەرێم بڕیاریدا بەوەی دەرچوانی بەشە كشتوكاڵیەكان بەپێی پسپۆڕیان بكرێنە سەرپەرشتیاری خانووە پلاستیكیەكان".
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكرد نزیكەی 8000 خانووی پلاستیكی هەیە كە لەڕووی كاركردنەوە كەسی پسپۆڕ سەرپەرشتی ناكات بۆیە بڕیار دراوە بە مەبەستی بەرەوپێش بردنیان بەشێوەی زانستی لەلایەن دەرچوانی بەشە كشتوكاڵیەكانەوە سەرپەرشتی بكرێن.
شاڵاو مەلا جەمال وتیشی "گرێبەستەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵی دەبێت و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگا و ئامادەیی كشتوكاڵیەكان دەگرێتەوە و پێش چوونە سەر كار خولی تایبەتیان بۆ دەكرێتەوە.
ڕۆژی یەكشەمە 23ی نیسان عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاویەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد دەرچووانی بەشە كشتوكاڵیەكان بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێنن بۆ سەرپەرشتیكردنی خانوە پلاستیكیەكان و ئاماژەی بەوەشدا ئەم هەوڵەیان بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری و هەروەها بە زانستی بەڕێوەبردنی خانوە پلاستیكیەكانە.



PM:02:40:25/04/2017