یەکێتی وادەی دەستکاریکردنی مووچە ئاشکرا دەکات

ماڵپەڕێکی سەر بە یەکێتی ئاشکرای دەکات حکومەتی ھەرێم دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران دوادەخات و شێوازی دەستکاریکردنەکەشی ئاشکرا دەکات.

تۆڕی هەواڵی سلێمانی کە زمانحاڵی پێشووی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی بوو بڵاویکردووەتەوە "حکومەتی ھەرێم ئامادەکاریکردووە بۆ دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچە، لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەیەک لەئەنجومەنی وەزیران چەندین کۆبوونەوەی کردووە بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچە. کە دوو پێشنیاز بۆ دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچە خراوەتەڕوو، یەکەمیان ئەوەیە کە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان (بڕوانامە، ھاوسەرو منداڵ) بدرێت و سەرجەم دەرماڵەکانی دیکە ببڕدرێت".

ئەو میدایەی یەکێتی ئاشکراشی کردووە "پێشنیازی دووەمیشیان ئەوەیە رێژەی پاشەکەوتی موچە کەمبکرێتەوەو (10%) لەموچە کەمەکان پاشەکەوت بکرێت و پلە بەرزەکانیش (40%) بێت، واتە رێژەی پاشەکەوتی موچە لە (10%)ەوە دەستپێبکات بۆ (40%)، کە لەئێستادا 15% بۆ 75%)ە.، تائێستا ھیچ بڕیارێک لەسەر چۆنیەتی دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچە نەدراوەو دوا بڕیار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەدەرێت، بەڵام بەھێزترین پێشنیاز ئەوەیە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان بدرێت.
ڕوونیشیکردووەتەوە لەمانگی حوزەیران بۆ تەمموزی داھاتوو، دەستکاری پاشەکەوتی موچە دەکرێت، دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر دەدات، ئەمەش لە کاتێکدا پێشتر ڕاگەیەندرابوو لە مانگی سێدا دەستکاری موچە دەکرێت.



PM:08:12:25/04/2017