سەفین دزەیی: هیچ وادەیەک بۆ دەستکاری مووچە دانەنراوە

سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دەستکاریکردنی مووچە دانەنراوەو هەر کاتێک داهاتێکی جێگیر هەبێت ئەو کات پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.

سەفین دزەیی وتبێژی حکومەت هەرێم بە ماڵپەڕی خەڵکی ڕاگەیاندووە ناتوانن دەستكاری مووچە بكەن تا دڵنیانەبن لە داهاتی مانگانە "وەزارەتی دارایی و لیژنە تایبەتمەندەكان كاری باشیان كردووە و بەرنامەی پێداچوونەوە هەیە، بەڵام دەبێت لەگەڵ داهات بگونجێت، چونكە ناكرێت دەستكاری مووچە بكرێتەوە و دواتر نەتوانرێت پارەی پێویست دابین بكرێت، لە هەموو بارەكانیشدا پشتیوان بەخوا پێداچوونەوە دەكرێت".

سەفین دزەیی لەبارەی پارەی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە وتویەتی "بەشێكی پارەی حكومەت بۆ قەرزی كۆمپانیاكان دەچێت، چونكە ئەوانیش بەپارەی خۆیان نەوت بۆ حكومەت دەردەهێنن و حكومەتی هەرێمیش دەیفرۆشێت، ئەگەر ئەو كۆمپانیایانە بەرهەمهێنان نەكەن، حكومەتیش ناتوانێت نەوت بفرۆشێت و ئەوان بەپارەی خۆیان نەوت بەرهەم دەهێنن و حكومەتیش ناچارە مامەڵەیان لەگەڵ بكات و بەشێك لە داهات مانگانە بۆ ئەوانە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، مانگانە نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار تەرخان دەكرێت بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان و بەشێك لەو پارەیەش بۆ بەڵێندەرانە و حكومەت مەبەستیەتی پڕۆژە تەواونەكراوەكان جارێكی تر كاركردن تێیاندا دەست پێبكاتەوە.



PM:06:42:27/04/2017