ساڵح موسلیم: تورکیا جیاوازی لە نیوان پێشمەرگە و شەڕڤان ناکات و دژی کوردە

‌ساڵح موسلیم هاوسەرۆکى پەیەدە

سپی - سلێمانی 

ساڵح موسلیم لەسەر بۆردوومانەکەی تورکیا بۆ شەنگال و ڕۆژئاوا ڕایگەیاند تورکیا دژى کوردە و جیاوازى لە نێوان پێشمەرگە و شەڕڤان ناکات و پێکەوە بۆردومانیان دەکات.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکى پەیەدە، ئەمڕۆ ٢٩ی نیسان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، تورکیا هیچ دەستکەوتێکى کوردی قبوڵ نییە و هەر لە مێژوودا تا ئێستا وەها بووە، مەبەستییەتى  لە کورد بدات لە هەر کوێ بۆى بگونجێت.


هاوسەرۆکی پەیەدە، بە کەناڵی ئێن ئاڕ تی وتووە "وەک بینیمان تورکیا جیاوازى لە نێوان پێشمەرگە و شەڕەڤانەکان نەکرد و پێکەوە بۆردومانى کردن و  چەند پێشمەرگە و شەڕڤانێکى شەهید کرد".


سەبارەت بە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا ڕایگەیاند "تورکیا پێش چەند ساتێک لە هێرشەکەى بۆ سەر شەنگال و ڕۆژئاوا ئەمەریکا و ڕوسیاى ئاگادارکردووە کە هێرش دەکات، بەڵام مۆڵەتى ئەوەى نەداوە هەماهەنگى بکرێـت و ڕاستەوخۆ هێرشەکانى کردووە"


ڕوونیشی کردووەتەوە ئەمەریکا و ڕوسیا هاتوونەتە ناوچەکە بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خۆیان و ئێمەى کوردیش بەرژەوەندى تایبەتى خۆمان هەیە و لە ئێستادا بەرژەوەندى هاوبەشمان لەگەڵ هەردوو وڵات هەیە.


ساڵح موسلیم کێیە؟
ساڵح موسلیم مەحەممەد لەدایکبووی ساڵی ١٩٥١ە، ساڵح مەحەممەد هاوسەرۆکی پەیەدەیە کەکاریگەریترین حیزبە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ساڵح مەحەممەد لەزانکۆی تەکنیکی لە ئەستانبۆڵ خوێندویەتی خاوەنی پێنج منداڵیشە.

ساڵح موسلیم، کوڕە ھەژارێکی گوندی شێرانە سەر بە کۆبانێ، لە کۆبانێ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووەو دواتر لە بەر چەند ھۆکار، لە شاری دیمەشق و لە ئامادەیی الکواکبی لە حەلەب خوێندنی دواناوەندی ساڵی ١٩٦٩ لە بەشی زانستی بە کۆتاھێناوە .

بۆ خوێندنی زانکۆ دەچێتە ئەستەنبۆل لە زانکۆی تەکنیکی/ کۆلیژی ئەندازیاری کیمیا دەخوێنێ و ساڵی ١٩٧٧ تەواوی دەکات و لەوێوە بەرەو لەندەن بەڕێ دەکەوێت بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی. پاش گەڕانەوەی دەچێتە وڵاتی سعوودیەو دەبێتە کارمەند لە دەزگای پترۆمین سەر بە وەزارەتی نەوتی سعودیە ، ھەر لەوێ لە رێگەی چەند کوردێکەوە دەبێتە ئەندام لە پارتی کرێکارانی کوردستان. دوایی ساڵی ١٩٩٠ دەگەڕێتەوە کۆبانی و کاری ئاسایی خۆی دەکات وەک ئەندازیارێکی کیمیاوی بێ ئەوەی لە کاری حزبی و سیاسی داببڕێت. بوو بە ئەندام لە مەکتەب سیاسی پارتی جڤاکی نیشتمانی دیموکراتی (التجمع الوطنی الدیموقراطی)کە ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە.

پاشان  پارتی پەیەدە (پارتی یەکێتی دیموکراتی) ساڵی ٢٠٠٣ دامەزرا و سالح تێیدابوو بە ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردن.لەوساوە زۆرجار لەلایەن دەزگاکانی موخابەراتی سوریاوە راونراوە و گیراوە. لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی چوارەمی پەیەدە کرا بە هاوسەرۆکی ئەو حزبە دیاریکراو . لە شەڕی ئازادکردنی رۆژئاوا، شەرڤانی کوری ساڵح موسلیم ساڵی ٢٠١٣ شەهید بوو.

 



PM:03:44:29/04/2017