كادیرێكی باڵای هەولێری یەكێتی دەستی لەكار كێشایەوە

فەرید زامدار، نوسەر‌و پێشمەرگەی دێرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە نامەیەكدا بۆ كۆسرەت رەسوڵ دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاند.

بەپێی نامەی دەستلەکار کێشانەوەکەی، کە رێکەوتی ٢٤-٤-٢٠١٧ی لەسەرە ، فەرید زامدار کە ھاوکات دۆستیکی نزیکی جەلال تاڵەبانی سکرتیری گشتیی حزبەکەی بووە لە سەردەمی خەباتی شاخەوە، دوورکەوتنەوەی (مام جەلال)ی لە گۆڕەپانی سیاسی و حزبی و کۆمەڵێک ھۆکاری دیکەی (کە ناوی نەھێناون) بە ھۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکەی داناون و دوای خەباتێکی دوورودرێژی ٤٠ ساڵەی شاخ و شار، لەناو رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و یەکێتی و پێشمەرگە دێرینەکان و مەکتەبی راگەیاندن، وازھێنانی خۆی لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئۆرگانەکانی راگەیاندووە.


دەقی نامەكە:

بەڕێز.. برا و ھاوڕێی دێرینم و برای گەورەم کاک کۆسرەت، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی (ی.ن.ک)، بەڕێزان برا و ھاوڕێیانم ئەندامانی (م.س)ی (ی.ن.ک)، بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی(ی.ن.ک)، بەڕێزان برا و ھاوڕێیانم لە کۆمەڵەی ڕێکخستنە دێرینەکانی (ی.ن.ک)، بەڕێزان ھاوڕێیانم لە کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، بەڕێزان ھەموو ھاوڕێ و دۆستانم لە سەرجەم دامودەزگاکانی یەکێتی و سەرجەم بنەماڵەی شەھیدە سەربەرزەکانی یەکێتی:

 
سڵاوێکی گەرم

 بابەت/ دەست لەکارکێشانەوە

بەھۆی دوورکەوتنەوەی ھەڤاڵی بەڕێز جەنابی(مام جەلال) لە گۆڕەپانی سیاسی و یەکێتی و کۆمەڵێک ھۆ و ھۆکاری تر و دوای درێژەدانم بە خەباتی سیاسیی نھێنی لە (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) زیاتر لە (١٠) ساڵ و چەندین ساڵیش پێشمەرگایەتی، واتە دوای (٤٠) ساڵ خەبات، بڕیارم دا دەست لەکارکێشانەوەم لە (ئەندامیەتیی ئەنجومەنی مەکتەبی ناوەندیی ڕاگەیاندن) بە تایبەتی و (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بەگشتی پێشکەش بە بەڕێزتان بکەم، کە لە ئەمڕۆوە ھیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیم لەگەڵ یەکێتیدا نەماوە و وەک کەسێکی ئازاد دەژیم و ئازادیشم لە چ مینبەرێکی سیاسیی تر درێژە بە خەباتی سیاسیی خۆم دەدەم و ھیواداریشم کە یەکێتی حزبی شەھیدان و سەرفرازانی کوردستان بگەڕێتەوە سەر ڕێبازە ڕاستەقینەکەی جەنابی (مام جەلال).

داوای بەخشین و لێبوردن لە ھەموو لایەکتان دەکەم.

ھیوداریشم ھەمیشە ڕۆڵی جوامێرانەی خۆتان لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بە ڕێبازە سیاسییە ڕاستەقینەکەی جەنابی مام جەلال درێژە پێ بدەن.

 

                                                                برای دڵسۆزتان

                                                                  فەرید زامدار

                                                               ٢٤/٤/٢٠١٧

                                                                     ھەولێر




PM:02:34:02/05/2017