ئایا شوێنگرەوەی یوسف محەمەد بۆ سەرۆكی پەرلەمان دیاریكراوە ؟؟

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان باس لە دیاریكردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و شوێنگرەوەی یوسف محەمەد دەكات.

بەپێی هەواڵێكی سایتی خەڵك، بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم، یەكێتی نیشتمانی كوردستان چارەسەری ناوەندی هەڵبژاردووە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەویش بە گۆڕینی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان و دانەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە گۆڕان.

بەپێی زانیارییەكان پێشنیاری عومەر عینایەت پەرلەمانتاری گۆڕان كراوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان و جێگرتنەوەی یوسف محەمەد، لەوبارەیەوە ناوبراودەڵێت:"لەڕاگەیاندنەكانەوە بیستومە و هیچ شتێكم بەفەرمی گوێ لێنەبووە، بەڵام من بەشێكم لەبزوتنەوی گۆڕان و بڕیاری مانەوە و چونەدەرەوە و بونە سەرۆك پەرلەمان، سەركردایەتی گۆڕان بڕیاری لێدەدات، هەرچەندە من خاوەنی بیروبۆچونی خۆمم، بەڵام لەو ڕووەوە خاوەنی من بزوتنەوەی گۆڕانە و لەئیرادەی بزوتنەوەی گۆڕان دەرناچم و چ ئەركێك بەسەر مندا بدات ئەوە ڕازیم".

عومەر عینایەت ڕاشیگەیاند، بە گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان كێشەی هەرێم چارەسەرنابێت، چونكە كێشەی سەرەكی لەكوردستان سەرۆكی هەرێمە كە ماوەكەی تەواوبووە، هەروەها سەرۆكی پەرلەمان ماوەكەی تەواو نەبووە و نایاساییش نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، وەك بزوتنەوەی گۆڕان كێشەكانی هەرێمیان لەسەرۆكی هەرێمەوە نەگواستۆتەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان، بەڵكو كێشەی سەرەكی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمە، بۆیە دەبێت حزبەكانی دیكە وەڵامبدەنەوە كە بۆچی ئەو كێشەیەیان بۆ سەرۆكی پەرلەمان گواستۆتەوە.
دەشڵێت:"پێموایە بزوتنەوەی گۆڕان ڕازینابێت بەگۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان".





PM:04:36:04/05/2017