سلێمانی.. سێ كرێكار لەكاتی كاركردن گیان لەدەست دەدەن

سەندیكای كرێكارانی بیناسازی ئاماژە بۆئەوە دەكات لەماوەی سێ رۆژی ڕابردوودا سێ كرێكار لە شوێنی كارەكانیان گیانیان لەدەستداوەو ئەوەش بەهۆی پابەند نەبونی مەرجەكانی سەلامەتیەوە بووە.

عوسمان زیندانی ، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند" بەداخەوە لەماوەی سێ ڕۆژی رابردودا لە سلێمانی و دەوروبەری سێ كرێكار لە سەركارەكانیان گیانیان لەدەستداوە"

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی ، وتیشی" كرێكارەكان یەكێكیان تەمەنی 58ساڵە و ئێرانیەو لەشوێنی كارەكەی لەناوشاری سلێمانی گیانی لەدەستداوە و ئەوی تریان بەرەگەز عەرەبە و لە قەزای شارەزوور بەهۆی تەزوی كارەباوە گیانی لەدەستداوەو یەكێكی تر لە كرێكاران ئەمڕۆ لە ناوچەی ژاڵە لەناو بەنزینخانەیەكدا بەهۆی تەزوی كارەباوە گیانی لە دەستداوە"

عوسمان زیندانی ، راشیگەیاند" بەپێی ئامارەكان لەماوەی پێنج مانگی ڕابردودا بەم سێ كرێكارەشەوە ژمارەی ئەو كرێكارانەی كەلەشوێنی كارەكانیان گیانیان لە دەستداوە تەنها لەسنوری سلێمانی گەیشتوەتە 19 كرێكار"



PM:05:16:08/05/2017