وتەبێژی حکومەتی هەرێم باس لە وادەی دەستکاری کردنی مووچە دەکات

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات وادەی دەستکاریکردنی موچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە و ڕێژە و کاتی دەستکاریکردنەکەشی ئاشکرا نەکراوە


سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەستكاریكردنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەوە بە "ڕووداو"ی ڕایگەیاند "ئەوە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە و ئەوان لیژنەیەكیان هەیە، بەپێی ئەو داهاتە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستیدەكەوێت، پێشنیاز و راسپاردە بۆ دەستكاریكردنی مووچە و رێژەی زیادكردنەكە دەدرێتە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێ بڕیاری لێدەدرێت".

سەفین دزەیی ئاشکراشیکرد سەقفێكی زەمەنی دیارینەكراوە كەی و رێژەی چەند دەستكاری دەكرێت،‌ بەڵكو لەسەر ئەو داهاتە وەستاوە حكومەت دەستیدەكەوێت

هەر لەبارەی سیستمی پاشەکەوتی موچەوە دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان راگەیاندوە "وەكو خۆم لەگەڵ بڕیاری عاتیفیانە بۆ ئەو پرسە نیم، دەستكاری مووچەش بكرێت رەوشەكە چاكنابێتەوە، بەڵكو دەبێ‌ حكومەت گوێ‌ بە موزایەدەی كەس نەدات پلان و بەرنامەی هەبێت بۆ بوژانەوەی هەموو سێكتەرەكان". 



PM:08:43:08/05/2017