لەهەولێرەوە داوا لەئەمەریكا دەكرێت چەك بە رۆژئاوای كوردستان نەدرێت

سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردیی - سوریا لە هەولێرەوە داوا لەئەمەریكا دەكات كە بە بڕیاری پڕچەككردنی رۆژئاوادا بچێتەوە.

ئیبراهیم برۆ، سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردیی- سوریا، لە هەولێری پایتەختی كوردستانەوە داوا لە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا دەكات چاو بخشێنێتەوە بە پڕ چەككردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەسوریا (كە بە باڵی چەكداری پەیەدە ناسراوە).

لەو لێدوانەدا برۆ داوا لە لایەنە كوردستانی‌و نێودەوڵەتییەكان دەكات كە بەر بگرن لەهەموو جموجوڵەكانی پەیەدە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە ئیدارەی ئەمەریكا لەسەر پێشنیاری پنتاگۆن بڕیاریدا كە بۆ رزگاركردنی پایتەختی داعش، یەكێنەكانی پاراستنی گەل پڕچەك بكات. هاوكات لەگەڵ ئەو بڕیارەدا توركیاش زۆر بە توندی دژی ئەم بڕیارەی ئەمەریكا وەستاوە.

ئەمە لەكاتێكدا كە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەرۆدغان سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی ئەمەریكا دەكات بۆ ئەوەی رێگە لەوە بگرێت چەك بە رۆژئاوای كوردستان بدات.

ئیبراهیم برۆ، سەرۆكی ئەنجومەنی كوردیی - سوریا، هاوپەیمانێكی پارتی دیموكراتی كوردستانە.



PM:02:58:11/05/2017